عێراق کۆتاییهاتنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە گیرخواردووەکانی لە وڵاتان راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، کۆتاییهاتنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی راگەیاند کە لە دەرەوەی وڵات گیریانخواردبوو، ئاماژەی بەوەدا کە 1165 کەس گەڕێندراونەتەوە.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 21-3-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێڵی ئاسمانیی عێراقیە ئێوارەی رۆژی هەینی کۆتایی بە پردی ئاسمانیی گواستنەوەی عێراقییە گیریانخواردووەکانی دەرەوەی وڵات هێنا، ئەوەش دوای ئەنجامدانی هەشتەمین و دوایین گەشتی گەڕاندنەوەیان بوو."
پرۆسەی گەڕاندنەوەکە لە رۆژی 15ی ئەم مانگەوە دەستیپێکرد بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، لە رێگەی 8 گەشتی ئاسمانییەوە 1165 هاووڵاتی گەڕێندراونەتەوە.
دوایین گەشت لە فڕۆکەخانەی نیودەلهیی هیندستانەوە بەرەو فڕۆکەخانەی عەرعەر لە سعودیە ئەنجامدرا، کە دواتر بە رێگەی وشکانی بەرەو عێراق بەڕێ دەخرێن.
مەیسەم سافی ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی گەڕاندنەوەکە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەکانی عێراق لە قاهیرە، نیودەلهی و ریاز و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە بەڕێوەچوو.
بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە رۆژی 28ی مانگی رابردووەوە تاوەکو ئێستا ئاسمانی عێراق داخراوە.