دەزگای هەواڵگریی عێراق: لەلایەن لەیاسا دەرچووەکانەوە هێرش کرایەسەر و ئەفسەرێکمان کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هێرشێکی "تیرۆریستی" کرایە سەر ناوچەیەکی نزیک لە یەکێک لە بارەگاکانیان لە ناوچەی مەنسووری بەغدا و لە ئەنجامدا ئەفسەرێکیان کوژرا.
بەپێی راگەیێندراوی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق کە ئەمڕۆ شەممە، 21ی ئاداری 2026 بڵاوکراوەتەوە، کاژێر 10:00ی بەیانی نزیک شوێنی دەزگای هەواڵگری لە بەغدا لەلایەن "لایەنە لەیاسا دەرچووەکانەوە" کرایە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم هێرشە بووەهۆی شەهیدبوونی ئەفسەرێک، ئەمەش هەوڵێکی بێئومێدانەیە بۆ رێگریگرتن لە دەزگاکە لە ئەنجامدانی ئەرکە پیشەییەکانی خۆی."
دەزگای هەواڵگری باس لەوە دەکات کە ئەم جۆرە "کردە تیرۆریستییانە" تەنیا پێداگری و سووربوونیان زیاتر دەکات لەسەر بەردەوامبوون لە ئەرکە نیشتمانییەکانیان و رایگەیاندووە: "بەردەوام دەبین لە راوەدوونانی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە و ئەو لایەنانەی لە پشتییەوە وەستاون تاوەکو دەستگیردەکرێن و رادەستی دادگا دەکرێن."
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە رانەگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکانی بەغداش رێکاری تووندی ئەمنییان لە ناوچەی مەنسوور گرتووەتەبەر.
هەر ئەمڕۆ هێرشێکی دیکە بە درۆن کرایە سەر شوێنێکی نزیک لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدا.