وەزارەتی کارەبا: هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق دەستیپێکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێ، هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ وێستگەکانی کارەبای عێراق بە شێوەیەکی پلەبەندی دەستیپێکردووەتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر زیادبوونی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا دەبێت.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی شەممە، 21ـی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەوانەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق دەستیپێکردووەتەوە و لە قۆناخی یەکەمدا بڕی پێنج ملیۆن مەتر سێجا گاز رەوانە کرا."
ئەحمەد موسا گوتی:" ئەم بڕە بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتەهۆی زیادکردنی توانای وێستگەکان و زیادبوونی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی."
سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی گازەکە لە رۆژانی رابردوودا، گوتەبێژی وەزارەت گوتی، بەهۆی بۆردوومانکردنی کێڵگەی گازی (پارس)ی ئێرانەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە بوو.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتیشی: "وەزارەت پەنای بۆ جێگرەوەکان برد لە رێگەی بەکارهێنانی گازی نێوخۆیی و هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ دابینکردنی گازوایل، بۆ ئەوەی وێستگەکان لە کار نەکەون."
ئەحمەد موسا رایگەیاند، دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی گازی ئێران، بەرهەمهێنانی کارەبا لە سیستمی نیشتمانیدا گەیشتووەتە 14 هەزار مێگاوات.
پێشتر ئێران رۆژانە 19 ملیۆن مەترسێجا گازی هەناردەی عێراق دەکرد بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکانی کارەبا، بەڵام رۆژی 18ـی ئادار هەناردەکردنی گازەکە بەتەواوی راگیرا.
رۆژی 18ـی ئاداری 2026، وەزارەتی نەوتی ئێران رایگەیاند، وێستگەکانی 3،4،5 و 6ی پارسی باشوور لە شاری عەسلەویە بۆردوومان کراون.
شاری عەسلەویە سەر بە پارێزگای بوشێهرە لە کەناراوەکانی کەنداو و یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی وزەی ئێران بەناوی (پارسی باشوور) لەوێ هەڵکەوتووە کە ئەرکی دەرهێنان و هەناردەی نەوت و گازە لە ناوچە ئاوییەکانی ئێران و ناوچە ئاوییەکانی هاوبەشی نێوان ئێران و قەتەر.