وەزیری ناوخۆی عێراق: حەشدی شەعبی لە سنووری سووریا نەکشاوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی عێراق لە سنووری نێوان عێراق و سووریاوە گوتی، هیچ پاشەکشەیەک لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە نەبووە و ئاماژەی بەوەشکرد: "پلانە ئەمنییەکانمان بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای سەردەم دادەڕێژینەوە."
رۆژی شەممە، 21ی ئاداری 2026، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق چووە قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار، لە بارەگای لیوای هێزەکانی سنوور لەگەڵ فەرماندە باڵاکان کۆبووەوە و رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی زۆر باش کۆنترۆڵی سنوورەکانیان کردووە.
وەزیری ناوخۆی عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لە پاشەکشەی حەشدی شەعبی دەکەن لە سنووری سووریا و گوتی: "هیچ پاشەکشەیەک لەلایەن یەکەکانی حەشدی شەعبیەوە نەبووە و بڵاوبوونەوەی هێزەکان بەپێی ئەو پلانە ئەمنییانەی پێشتر داڕێژراون، بەردەوامە."
شەمەری لە کۆبوونەوەکەیدا رێنمایی دا کە شێوازی کارکردنی هێزەکان بەپێی گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان نوێ بکرێنەوە، داواشی لە فەرماندەکان کرد بەردەوام چاودێریی وردی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان بکەن و هێزە یەدەگەکان بۆ هەر دۆخێکی نەخوازراو بەهێز بکەن.
پارێزگای ئەنبار گەورەترین پارێزگای عێراقە و هاوسنوورە لەگەڵ هەریەک لە سعودیە، ئوردن و سووریا.
لە ماوەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، چەندین جار بازگە و بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەو پارێزگایە بۆردومان کراون.