وەزارەتی ناوخۆی عێراق: زیاتر لە 6700 ئاڵوودەبووی مادە هۆشبەرەکان چاکبوونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیێنێت، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە یەک تۆن و 300 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە و زیاتر لە شەش هەزار ئاڵوودەبووش بە تەواوی چاکبوونەتەوە. دەشڵێت، زیاتر لە 6700 ئاڵوودەبووی مادە هۆشبەرەکان چاکبوونەتەوە
رۆژی دووشەممە، 20-04-2026، لیوا میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا نوێترین ئامار و چالاکییەکانی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان خستەڕوو و رایگەیاند، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا چوار هەزار و 260 تۆمەتبار دەستگیرکراون و 193 تۆڕی بازرگانیکردن هەڵوەشێندراونەتەوە، کە 35یان تۆڕی نێودەوڵەتین. گوتیشی: "سزای جیاواز بۆ دوو هەزار و 20 کەس دەرچووە؛ لەو ژمارەیەش 34 کەسیان سزای لەسێدارەدان و 137 کەسیش سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بۆ دەرچووە."
لەبارەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی عێراق بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، لیوا میقداد میری گوتی، سێ خاڵی نوێی پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی (ئەڵمانیا، ئوسترالیا و نەیجەر) کردووەتەوە و ئێستا عێراق لەگەڵ 36 دەوڵەتدا خاڵی پەیوەندیی نێودەوڵەتی هەیە.
سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئاڵوودەبووان، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ گوتی: "8183 کەس چوونەتە نێو سەنتەرەکانی شیاندنەوە و 6729 کەسیان بە تەواوی چاکبوونەتەوە؛ ئەمەش بۆ یەکەمجارە لە مێژووی وەزارەتی ناوخۆدا ئامارێکی لەو شێوەیە تۆمار بکرێت."
لەلایەکی دیکەوە، فەریق ئەحمەد زەرکانی، بەڕێوەبەری گشتیی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە عێراق، باسی لە پێشکەوتنی تواناکانی عێراق کرد لەو بوارەدا و رایگەیاند: "عێراق لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە لە رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکاندا."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، ئێستا عێراق لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی یەکەمدایە بۆ کاری هەواڵگری لە بواری بنبڕکردنی مادە هۆشبەرەکان و ئیماراتیش لە پلەی دووەم دێت.