سکرتێری گشتیی ناتۆ سەردانی ئەنقەرە دەکات

 
رووداو - دیجیتاڵ

بڕیار وایە مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ  ئەمڕۆ سێشەممە بە سەردانێک بگاتە تورکیا و دوو رۆژ لەو وڵاتە بمێنێتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی ناتۆ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە سەردانە دوو رۆژەییەکەیدا، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆدەبێتەوە.
 
جگە لە کۆبوونەوەکان، بڕیار وایە سکرتێری گشتی ناتۆ سەردانی دامەزراوەیەکی پیشەسازیی بەرگری تورکیا بکات.
 
پرسی ئاسایشی هەرێمی و جیهانی  لە کارنامەی سەردانەکەی سکرتێری گشتیی ناتۆیە بۆ تورکیا. 
 
سەردانەکەی سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی 7-8ی تەمووزی ئەم ساڵ لوتکەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت.
 
دوای لوتکەی ئیستەنبووڵ لە ساڵی 2004، ئەوە دەبێتە دووەمجار تورکیا میوانداری لوتکەی ناتۆ بکات لە مێژووی دروستبوونی هاوپەیمانییەکە لە ساڵی 1949. 
 
رێکخراوی هاوپەیمانی ئەتلەسی باکوور، ناسراو بە ناتۆ لە 32 ئەندام پێکدێن، کە تورکیا یەکێکیانە.