ناکۆکی لەسەر شێوازی دەنگدان و 'ترس لە پەرلەمان' دیاریکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی دواخست

 
رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دوایین کۆبوونەوەیدا، کە تایبەت بوو بە دەستنیشانکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران،  بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون. بەهۆی ئەوەی هیچکام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست بهێنن. ناکۆکی لەبارەی شێوازی دەنگدان، ترس لە تێپەڕینی کابینەی حکومەت لە پەرلەمان، یەکلاکردنەوەی ئەو پرسەی دواخست.
 
شەوی 20ی نیسان هاوپەیمانییەکە کە نوێنەرایەتی زۆرینەى لایەنە شیعەکان دەکات، لە نووسینگەی عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە بەغدا کۆبوونەوە، بەڵام لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران رێکنەکەوتن و پرسەکە دواخرا بۆ 22ی نیسان.
 
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە رووداوی گوت: "هیچکام لە بەربژێرەکان زۆرینەی پێویستی دەنگیان نەهێناوە، دواخستنی راگەیاندنی بەربژێرەکە بۆ ئەوە بوو لە دوو رۆژی داهاتوودا گفتوگۆی زیاتر لەبارەییەوە بکرێت."
 
رووداو لە رێگەی سێ سەرچاوەی بەرپرسی سێ هێزی جیاوازی نێو هاوپەیمانییەکە، زانیاریی لەسەر وردەکاریی کۆبوونەوەکە و ناکۆکییان وەرگرتووە.
 
کۆبوونەوەیەکی درێژ و نهێنیی پارێزراو
 
رێکارەکانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی عەمار حەکیم تووند بوون بۆ رێگری لە دزەکردن، بەشداربووان بەبێ ئامێری مۆبایلەکانیان چوونەتە سەر مێزی کۆبوونەوەکە.
 
8:20 خولەک کۆبوونەوەکە دەستیپێکردووە، تاوەکو کاژێر 10ی شەو بەردەوام بووە، 12 ئەندامەکەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەشدار بوون.
 
بەوپێیەی ئەجێندای کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە بووە کە بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلا بکرێتەوە، مێزی راگەیاندنی ناوی بەربژێرەکە دانرابوو، بەڵام هیچ کەسێک دوای کۆبوونەوەکە نەچووە سەری تاوەکو ناوەکە رابگەیێنێت.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە رەوتی حیکمە کە میوانداریی کۆبوونەوەکەی دەکرد بە رووداوی گوت: "لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە مێزەکە دانرا، پێشبینی نەدەکرا نەگەنە رێککەوتن."
 
دەنگدان و دوو بەرەی جیاواز
 
پێکهێنەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەیانتوانی کۆدەنگ بن لەسەر یەکێک لە دوو بەربژێرەکە، کە باسم بەدری، سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری وەک بەربژێری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران وەک بەربژێری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بوون.
 
یەکێک لە سەرچاوەکانی رووداو گوتی: "ئەوەی کە روویدا لە کۆبوونەوەکە دەنگدان نەبووە، بەڵکو هەر یەکەیان بۆچوونی خۆی لەسەر بەربژێرەکان داوە، دەرکەوتووە هیچیان رەزامەندى زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانیان لەگەڵ نەبووە، کە پێویستی بە هەشت دەنگە."
 
باسم بەدری بۆچوونی حەوت سەرکردە و ئیحسان عەوادی پێنج کەسی لەگەڵ بووە، بەڵام لە وردەکاریی تێبینییەکان لەسەریان جیاوازی هەبووە.
 
دۆخەکە وای کردووە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ببنە دوو بەرەی شەش کەسییەوە؛ محەممەد شیاع سوودانی، عەمار حەکیم، قەیس خەزعەلی، حەیدەر عەبادی، ئەحمەد ئەسەدی و هادی عامری لە بەرەیەک بوون، نووری مالیکی، موحسین مەندەلاوی، هومام حەمودی، ئەبو ئالا وەلائی، عامر فایز و عەبدولحوسێن عەبتان چوونەتە بەرەکەی دیکە.
 
عەقیل درێنی گوتی: "ئەوە یەکەمجارە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەو وێنەیە ناکۆک بن." 
 
دابەشبوونیان بەسەر ئەو دوو بەرەیەدا لەدوای ئەوە بووە کە ناکۆکی لەسەر شێوازی دەنگدان بۆ بەربژێرەکە دروست بووە.
 
کڕۆکی ناکۆکییەکە ئەوە بووە کە ئەگەر پرسەکە بە دەنگدان یەکلا دەکرێتەوە، هەر هێزێک قەبارەی چەندە و بەگوێرەی ئەوە دەنگی لێ وەربگیرێت؛ بەوپێیەی هەندێک لە پێکهێنەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی زیاتر لە 20 کورسییان هەیە و هەشە هیچ کورسییەکی لە پەرلەمان نییە.
 
یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوە بووە کە دەنگدان بەگوێرەی ژمارەی کورسی بێت، کە بەشداربوانی ئەو هاوپەیمانییە نزیکەی 165 کورسییان هەیە.
 
یەکێک لە سەرچاوەکانی رووداو گوتی: "میکانیزم و شێوازی دەنگدان بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێرەکە یەکێک بووە لە هۆکارەکانی دواخستنی کۆبوونەوەکە، تاوەکو کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی بکرێت بۆ رێککەوتن لەسەری."
 
شیعەکان زیاتر لە 180 کورسیی پەرلەمانییان هەیە و گەورەترین فراکسیۆنن، بەڵام بەشێک لە هێزە شیعەکان بەشدار نین لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لەگەڵ ئەوەی پابەندی بڕیاری هاوپەیمانییەکە دەبن.
 
ترس لە پەرلەمان
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دواخستنی راگەیاندنی بەربژێرەکە، ترس بووە لەوەی بەرەی ناڕازی لە پەرلەمان لەدژی کابینەی حکومەت دەنگ بدەن.
 
یەکێک لە سەرچاوەکانی رووداو گوتی: "زیاتر بەرەکەی مالیکی ئەو ترسەیان هەبووە."
 
بەگوێرەی دەستوور، لە ماوەی 30 ڕۆژ لە راسپاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ، دەبێت کارنامە و کابینەی حکومەتەکەی بباتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت. پەسندکردنی کابینەی حکومەت پێویستی بە زۆرینەی سادەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانە لە دوای ئامادەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران.
 
بەرپرسێکی رەوتی حیکمە گوتی: "بۆ رەواندنەوەی ئەو ترسە، وا بڕیاردراوە کە کۆبوونەوەی زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی بگەنە کۆدەنگی لەسەر هەرکامێک لە بەربژێرەکان و گەرەنتی ئەوە بکرێت کە سەرجەم پەرلەمانتارە شیعەکان دەنگی پێ بدەن و شکست نەهێنن."
 
 بەگوێرەى سەرچاوەکانى رووداو تاوەکو شەممەى داهاتوو لەبەردەستە بۆ چوارچێوەى هاوئاهەنگى وەک ماوە دەستوورەیەکە کە پرسی بەربژێرى سەرۆکوەزیران یەکلا بکەنەوە و بڕیاریان وایە لەم چەند رۆژەدا تاوەکو نەگەنە رێککەوتنى کۆتایی کۆبوونەوە بۆ راگەیاندنى بەربژێرەکە نەکەن.  
 
 
پرۆفایلى دوو بەرژێرەکە:
 
باسم بەدرى
 
باسم حازم حەمید بەدرى
1964 لە بەغدا لەدایک بووە
 دکتۆراى لە کشتوکاڵدا هەیە 
 سەرۆکى دەستەى لێپرسینەوەو دادوەریی عێراقە
 
ئیحسان عەوادی
 
ئیحسان یاسین شاکر عەوادى 
1976 لە دیوانیە لە دایک بووە
 ماستەرى لە ئەندازیارى هەیە 
2010 بۆ 20214 ئەندامى پەرلەمانى عێراق بووە 
بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراقە