راپۆرتێک: ئێران فەرماندەکانی "بەرەی مقاوەمە"ی لە عێراق دەستکراوە کردووە بێ گەڕانەوە بۆ تاران ئۆپەراسیۆن بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس (AP)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی گوشارەکانی جەنگەوە، ئێران دەسەڵاتی زیاتری داوەتە فەرماندە مەیدانییەکانی، بۆئەوەی لە جووڵاندنی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دا دەستکراوەتر بن، بە جۆرێک رێگە بە هەندێک گرووپ دەدات بێ گەڕانەوە بۆ تاران و وەرگرتنی رەزامەندی، هێرش بکەن. سێ ئەندامی گرووپە چەکدارەکان و دوو بەرپرسی دیکە ئەم زانیارییەیان بە ئاژانسەکە داوە.
 
دۆخی گرووپە چەکدارەکانی عێراق
 
زۆربەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە رێگەی بودجەی دەوڵەتی عێراقەوە پارەدار دەکرێن و بەشێکن لە دەزگا ئەمنییەکان، ئەمەش رەخنەی تووندی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی لێکەوتووەتەوە، کە دەڵێن بەغدا نەیتوانیوە هەڵوێستی تووند بەرامبەریان بگرێتەبەر. سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا، بەغدا هێشتا نەیتوانیوە ئەم گرووپانە بە ئاسانی جڵەو بکات.
 
پێنج بەرپرسەکە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، باسیان لەوە کردووە کە تووندڕۆترین باڵەکان ئێستا لەژێر سەرپەرشتیی فەرماندە و راوێژکارانی ئێرانیدا و بە "سیستمێکی فەرماندەییی ناناوەندی (نامەرکەزی)" کار دەکەن. یەکێک لە بەرپرسانی گرووپە چەکدارەکان بە APی گوتووە، "دەسەڵات دراوەتە هێزە جیاوازەکان بۆ ئەوەی بەپێی هەڵسەنگاندنی مەیدانیی خۆیان ئۆپەراسیۆن بکەن، بێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ فەرماندەییی ناوەندی."
 
هۆشدارییەکی روون بۆ کورد
 
راپۆرتی ئاژانسەکە دەڵێت، چەند رۆژێک دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوبات، شاندێکی ئێرانی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و پەیامێکی روونیان پێدان، "ئەگەر هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، بەرژەوەندییە بازرگانییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان زیادیان کرد، با دەسەڵاتدارانی کورد نەیەن بۆ تاران سکاڵا بکەن، چونکە ئێمە ناتوانین هیچ بکەین."
 
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەرجی ناونەهێنان بە ئاژانسە ئەمریکییەکەی رایگەیاندووە، "ئەوان گوتیان دەسەڵاتیان داوەتە فەرماندە هەرێمییەکانی ئێران." لە رابردوودا سەرکردەکانی کورد دوای هێرشەکان پەیوەندییان بە بەرپرسانی ئێرانەوە دەکرد بۆ پرسینەوە، بەڵام ئەمجارە ئێرانییەکان پێشوەختە گوتیان، "ئێستا ناتوانین هاوکاریتان بکەین لە کۆنترۆڵکردنی گرووپەکانی باشوور"ی عێراق.
 
بە گوتەی بەرپرسە کوردەکە و ئەندامانی میلیشیاکان، ئەم گۆڕانکارییە وانەیەکە لە جەنگە 12 رۆژییەکەی مانگی حوزەیرانی پار وەرگیراوە، کە تێیدا ئۆپەراسیۆنەکان زۆر ناوەندی بوون، بەڵام دواتر دەسەڵاتی زیاتر درا بە مەیدان.
 
زیانەکان و ئامانجی ئەمریکا
 
مەهدی کەعبی، گوتەبێژی بزووتنەوەی نوجەبا دان بەوەدا دەنێت کە "هاوئاهەنگی"یان لەگەڵ ئێران هەیە و گوتی، "لەبەر ئەوەی ئێمە هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامین، هاوئاهەنگیمان لەگەڵ براکانمان هەیە."
 
مایکڵ نایتس، شرۆڤەکاری جیۆسیاسی دەڵێت، لەم جەنگەی دواییدا سەرکردە دیارەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کشانەوە و راستەوخۆ بەشدارییان نەکرد. هێرشەکانی ئەمریکا زیاتر فەرماندەکانی ئاستی مامناوەندی کوشتووە. هەروەها ئەمریکا زیاتر بایەخی بە کوشتنی راوێژکارانی سوپای پاسداران دا. لە یەکێک لە هێرشەکاندا بۆ سەر گەڕەکی جادرییە لە بەغدا، 3 راوێژکاری پاسداران لە کاتی کۆبوونەوەدا کوژران.
 
گوشارەکان لەسەر بەغدا زیاد دەکەن
 
کێشەی سەرەکیی حکومەتی عێراق ئەوەیە کە ئەو گرووپانەی دەڵێت ناتوانێت جڵەویان بکات، سەر بەو پارتە سیاسییانەن کە محەممەد شیاع سوودانییان هێنایە سەر دەسەڵات. ئێستا سوودانی وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر کار دەکات و حکومەتی نوێ بەهۆی چەقبەستوویی سیاسییەوە پێکنەهێنراوە.
 
ئەم گرووپانە بەشێکن لە حەشدی شەعبی و مووچە و چەک لە دەوڵەت وەردەگرن، بەڵام بەپێی کارە لەپێشینەکانی ئێران کار دەکەن.
 
ئەمریکا سوورە لەسەر کەمکردنەوەی هێزی ئەم گرووپانە. هەفتەی رابردوو باڵیۆزی عێراق لە واشنتن بانگهێشت کرا بۆ گوێگرتن لە سەرکۆنەی تووندی ئەمریکا. تۆمی بیگت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "ئەمریکا لە هیچ هێرشێک خۆش نابێت و چاوەڕێ دەکەین حکومەتی عێراق دەستبەجێ هەموو رێکارێک بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئێرانن."
 
ئەسۆشتیەتد پرێس دەڵێت، ئەگەر ئاگربەستەکەی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش بەردەوام بێت، چاوەڕوان دەکرێت واشنتن هەوڵەکانی بۆ جیاکردنەوەی باڵە تووندڕۆکانی وەک کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە گرووپەکانی دیکەی نێو پرۆسەی سیاسیی عێراق، چڕتر بکاتەوە.