پارێزگاری نەینەوا ئامادە نییە فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ دوو بەربژێری یەکێتی دەربکات
رووداو دیجیتاڵ
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا هێشتا ئامادە نییە فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ دوو بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگاکە دەربکات.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا فەرمانی کارگێڕی بۆ دەستبەکاربوونی قایمقامی نوێی مەخموور و سنوونێ دەرنەکردووە، کە لە پشکی یەکێتیین و لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە پەسند کراون.
یەکێتی لە گۆڕانکاریی پۆستەکانی نەینەوا لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە سێ پۆستی بەرکەوتووە، کە بریتین لە قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەکانی وانکێ و سنوونێ کە ئەو پۆستانە بەدەست پارتی دیموکراتی کوردستانەوەن.
تاوەکو ئێستا تەنیا بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ دەستبەکاربووە و لەلایەن پارێزگارەوە فەرمانی بۆ دەرچووە کە چواری ئایاری 2025 فەرمانی کارگێڕی بۆ دامەزراندنی یاسر عەساف حەسەن وەک بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ دەرکرد.
پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، قایمقامی مەخموور فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستانە نەوەک حکومەتی عێراق. ئاماژە بەوەش دەکات، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێش تەنیا 7 ساڵ خزمەتی هەمیشەیی هەیە و نزیکەی 9 ساڵیش گرێبەست بووە، ئەوە لە کاتێکدایە هەر کەس ئەو جۆرە پۆستە وەردەگرێ لانیکەم پێویستە 10 ساڵ فەرمانبەری هەمیشەیی بێت.
پارێزگاری نەینەوا نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق کردووە تاوەکو بۆچوونی وەزارەتەکە بزانێت. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی دەڵێت، وەزارەتی دارایی وەڵامی پارێزگاری داوەتەوە، بەڵام هێشتا پارێزگار دەڵێت هەندێک کاری دیکە ماون بۆ ئەو پرۆسەیە.
لە 1ی تەممووزی 2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکی 20 یەکەی کارگێڕی کرد، بەڵام ھاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو و فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد و لە دژی گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکان بە زۆرینەی دەنگی ھاوپەیمانیی نەینەوای ئایندە کران.
لەسەر سکاڵای ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل لە 7ـی نیسان لەلایەن دادگەوە بانگھێشتکرا بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی "رێگری لە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی تایبەت بە دەنگدان لەسەر گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی نەینەوا."
26ی کانوونی یەکەمی 2024 دادگەی کارگێڕی سکاڵای 7 قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی لە نەینەوا رەتکردەوە، کە لە دژی لابردنیان لە پۆستەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە، تۆماریان کردبوو. چواری ئاداری 2025، دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی پارێزگاری نەینەوای لە دژی ئەو گۆڕانکارییانە رەتکردەوە.