بەهۆی مردنی خوێندکارێک لە کۆلێژی سەربازیی ناسریە، وەزیری بەرگری دوو بەرپرس دووردەخاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆلێژی سەربازیی چوارەمی ناسریە، نۆ خوێندکاری نوێ بەهۆی زۆر مانەوەیان لەبەر تیشکی خۆر تەندروستییان تێکچوو و دواتر یەکێکیان گیانی لەدەستدا. لە یەکەم کاردانەوەدا، وەزیری بەرگریی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی راگری کۆلێژەکە و فەرماندەی فەوجەکەی دەرکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی ئایاری 2025، سابت محەممەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق، بەهۆی "کەمتەرخەمی و پشتگوێخستن"ـەوە، فەرمانی لەسەرکارلادانی هەریەک لە راگری کۆلێژی سەربازیی چوارەم و فەرماندەی فەوجی تایبەتی دەرکرد.
وەزارەتی بەرگری لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە نۆ خوێندکاری خولی 89ـی کۆلێژەکە، کە تەنیا چەند رۆژێک بوو پەیوەندییان بە کۆلێژەکەوە کردبوو لە ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار، تەندروستییان تێکچوو و بەپەلە گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتەکە، هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی تەندروستیی خوێندکارەکان، زۆر مانەوەیان بووە لەبەر خۆر، کە بووەتە هۆی وشکبوونەوەیان.
دوای وەرگرتنی چارەسەر، شەش لە خوێندکارەکان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە. دوو خوێندکاری دیکەش تەندروستییان جێگیرە و لەژێر چاودێریدان، بەڵام یەکێک لە خوێندکارەکان گیانی لەدەستداوە.
هاوکات، وەزیری بەرگری فەرمانی پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوەی لە کۆلێژی سەربازی دەرکردووە، بۆ ئاشکراکردنی سەرجەم وردەکارییەکانی ئەم رووداوە و دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان.