هەناردەی چای سریلانکا بۆ عێراق 38% کەمی کردووە


رووداو دیجیتاڵ

جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا کاریگەریی گەورەی کردووەتە سەر پیشەسازیی چا لە سریلانکا و بژێویی ملیۆنان کرێکاری ئەو کەرتەی خستووەتە مەترسییەوە؛ بەهۆی تێکچوونی هێڵەکانی گواستنەوەش، هەناردەی چا بۆ عێراق وەک گەورەترین کڕیار بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
 
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشەپێدانی هەناردەی سریلانکا (EDB)، تەنیا لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا داهاتی هەناردەی چای ئەو وڵاتە 17.3٪ دابەزیوە و گەیشتووەتە 114.75 ملیۆن دۆلار.
 
کاریگەریی هەرە گەورەی جەنگەکە لە کەمبوونەوەی داواکاریی عێراقدا رەنگی داوەتەوە کە گەورەترین کڕیاری چای سریلانکایە. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن هەناردە بۆ عێراق 38٪ کەمی کردووە. 
 
دۆخەکە بۆ هەناردەکردن بۆ ئیمارات خراپترە، بەهۆی پەککەوتنی هێڵە لۆجیستییەکانی کەنداو، هەناردەی چا بۆ ئەو وڵاتە 93٪ دابەزیوە.
 
دیلهان فێرناندۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای 'چای دیلما' دەڵێت: "بۆ ماوەیەک خۆمان تێچووەکانمان لە ئەستۆ دەگرت، بەڵام تێچووی سووتەمەنی و پەککەوتنی لۆجیستی هۆکارن بۆ زیاتربوونی رێژەی هەڵاوسان."
 
پیشەسازیی چا لە سریلانکا داهاتی ساڵانەکەی 1.5 ملیار دۆلارە و نزیکەی 2.4 ملیۆن کەس بژێوییان لەسەرە. ئێستا ئەو سوپایە لە کرێکاران رووبەڕووی مەترسیی برسییەتی بوونەتەوە.
 
جاسینتا مالار، کرێکارێکی کێڵگەی چا لە سریلانکا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە: "نازانین ئاخۆ دەتوانین بەرگە بگرین یان نا. ئەگەر ئەم جەنگە بەردەوام بێت، خەڵکێکی زۆر تووشی بارودۆخی سەختی بژێویی دەبن."
 
ئامارەکان دەری دەخەن، داهاتی رۆژانەی کرێکارێکی کێڵگەکانی چا لە سریلانکا 4.30 بۆ 5.50 دۆلارە. هێڵی هەژاریی جیهانی: 3.65 دۆلارە (نیوەی کرێکارانی چا لە ژێر ئەم هێڵەدان). کۆی کارمەندانی کەرتی چا لە سریلانکا دەگاتە 2.4 ملیۆن کەس.
 
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کە لە کۆتایی شوباتی 2026ـەوە دەستی پێکردووە، هاوکێشە ئابوورییەکانی ناوچەکەی گۆڕیوە. داخستنی تەنگەی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و گواستنەوەی دەریایی، وایکردووە سریلانکا نەتوانێت بە ئاسانی چاکەی بگەیەنێتە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
 
ئەم پەککەوتنە لە کاتێکدایە کە سریلانکا خۆی لە قەیرانێکی ئابووریی قورسدایە و هەر جۆرە تێکچوونێک لە کەرتی هەناردەکردنی چا، هەڕەشە لە تێکچوونی تەواوەتیی سێکتەری دارایی ئەو وڵاتە دەکات.