موقتەدا سەدر لەو کەسانە خۆش دەبێت کە سوکایەتییان پێکردووە
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە رایگەیاند ،لە مافە یاسایی و شەرعییەکانی خۆی بەرامبەر بەو کەسانە خۆش دەبێت، کە سووکایەتییان پێکردووە و دەڵێت: "وەک نزیکبوونەوە لە خودا و پێغەمبەرەکەی، لە مافی یاسایی خۆم بەرامبەر هەر کەسێک کە سووکایەتیم پێ بکات، خۆش دەبم"
رۆژی پێنجشەممە 21ـی ئایاری 2026 موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە پەیامەکەیدا داوای لێخۆشبوونیشی بۆ ئەو کەسانە کرد کە تۆمەتباریان کردووە بەوەی "بەکرێگیراوی سێکووچکەی شوومە".
ئەو هەڵوێستە نوێیەی رێبەری رەوتی سەدر دوای تەنیا دوو رۆژ دێت لەوەی کە رایگەیاندبوو؛ هەر کەسێک بە "بەکرێگیراو" یان "دوژمنی ئەهلی بەیت" تۆمەتباری بکات، بە رێکاری یاسایی رووبەڕووی دادگەی دەکاتەوە و لێی خۆش نابێت.
پێش چەند رۆژێک، موقتەدا سەدر زنجیرەیەک بڕیاری بۆ رێکخستنەوەی نێوخۆی رەوتەکەی دەرکرد کە بە "شۆڕشێکی چاکسازی" وەسف کران. بڕیارەکان لایەنە داراییەکان، خانووبەرە، ئۆتۆمبێل و تەنانەت شێوازی دەرکەوتنی ئەندامانی رەوتەکەشی گرتەوە.
هەر لەو فەرمانە چاکسازییانەدا، سەدر فەرمانی رادەستکردنی چەکەکان و قەدەخەکردنی بەکارهێنانی دەرکرد، جگە لە قەزای سامەڕا کە گرووپی "سەرایای سەلام" بە داوای فەرمیی حکومەت ئەرکی پاراستنی ناوچەکە و مەزارگەکان دەگرێتە ئەستۆ.