زەیدی داوای زیادکردنی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە دواداچوون بۆ کارەبای وەرزی هاوین دەکات و وەزارەتی کارەبای عێراق پێشبینی دەکات لە وەرزی هاوین خواست لەسەر کارەبا بگاتە 60 هەزار مێگاوات کارەبا، لە کاتێکدا ئێستا بەرهەم نزیکەی 18 هەزار مێگاواتە.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 21ی ئایاری 2026 سەردانی وەزارەتی کارەبای لە بەغدا کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە کۆبووەوە، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکانی وەزارەت و ئاگاداربوون لە پلانەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی تۆڕی نیشتمانی لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا، زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، دۆسیەی وزە بایەخێکی گەورەی هەیە و تەوەرێکی سەرەکییە لە پلانەکانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی کەرتی کارەبا. بە وردی چاودێریی رێکارەکانی وەزارەتەکە دەکات لە پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە ستافی وەزارەتی کارەبا کرد کە تەواوی هەوڵەکانیان لە هەموو بەش و فەرمانگەکاندا بخەنەگەڕ بۆ زیادکردنی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی بڕانی کارەبا و بارگرانیی سەر تۆڕەکان.
زەیدی پابەندیی حکومەتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پشتگیریکردنی وەزارەتەکە بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەپێی ئەو پلانانەی داڕێژراون، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ قەیرانی کارەبا بدۆزرێتەوە.
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رۆژی 10ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا نزیکەی 18 هەزار مێگاوات کارەبایە"؛ هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ "نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی کارەبا؛ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گازی نیشتمانی و کەمکردنەوەی هاوردەکردنی گاز"؛ بەڵام بە قسەی ئەحمەد عەبادی، دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەکان، تاوەکو پێش وەرزی هاوین بەرهەمهێنانی کارەبا دەگەیێننە 29 بۆ 30 هەزار مێگاوات".
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق پێشبینی دەکات لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا خواست لەسەر بەکاربردنی بگاتە 60 هەزار مێگاوات کارەبا.