عەلی فالح زەیدی سامانەکەی ئاشکرا کرد و وەزیرەکانیشی ئاگادار کردەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەروەت و سامانی خۆی ئاشکرا کرد و رادەستی سەرۆکی دەستەی دەسپاکی کرد؛ داواش لە وەزیرەکانی دەکات لە ماوەی هەفتەیەکدا هەمان هەنگاو بنێن.
 
رۆژی پێنچشەممە، 21ـی ئایاری 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فۆڕمی ئەستۆپاکی خۆی لەبارەی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانەکانی پێشكێش دەستەی دەستپاکی کردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی چەسپاندنی بنەمای شەفافییەت و جێبەجێکردنی یاسای دەستەی دەسپاکی ژمارە 30ی ساڵی 2011ی هەموارکراودا.
 
بەگوێڕەی راگەیێنراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، عەلی فالح زەیدی وەک یەکەم بەرپرس لە نێو کابینە وەزارییەکەیدا، ئەم  کارەی کردووە.
 
عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی پێنچشەممە، 21ـی ئایاری 2026، بە رووداوی راگەیاند :" هەر وەزیرێک لە سەرەتای وەرگرتنی پۆستەکەیدا دەبێت فۆڕمێک پڕبکاتەوە کە لە 9 لاپەرە پێکهاتووە، تێیدا هەموو ئەو سەروەت و سامانەی هەیەتی دەیاننووسێت، لە سەرەتای هەموو ساڵێکیشدا فۆڕمێکی دیکە هەیە یەک لاپەڕەیە بۆ ئەوەی بزاندرێت گۆڕانکاری چی روویداوە لە سامانەکەی دەینووسێت، بەناوی (فۆرمی گۆڕانکارییە ساڵانەکان) و ئەم فۆرمە بۆ ئەوەیە بەرپرسان ساڵانە هەر گۆڕانکارییەک لە دارایی و موڵک و ماڵیاندا رووی دا، تۆماری بکەن بۆ ئەوەی چاودێری وردی داراییان بکرێ."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق، راشیگەیاند :" لە کۆتایی تەواوبوونی خولی حکومەت و پێکهێنانی حکومەتێکی دیکە، دیسانەوە وەزیرەکان دەبێت فۆڕمی کۆتایی پڕ بکەنەوە کە لەو چوار ساڵەدا چ سامان و سەروەتێکییان هەبووە."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەندامانی تیمی وەزارییەکەی راسپاردووە کە پێویستە بە زووترین کات و لە ماوەیەکدا کە لە "یەک هەفتە" تێپەڕ نەکات، لە دوای دەستبەکاربوونیانەوە سەروەت و سامانی خۆیان ئاشکرا بکەن و رادەستی دەستەی دەسپاکی بکەن.
 
تاوەکو ئەمڕۆ لە کۆی 14 وەزیری کابینەکەی زەیدی 6 وەزیریان سامانی خۆیان ئاشکرا کردووە.
 
وەزیرانەکان: 
 خالید شوانی، وەزیری  داد 
عەبدولڕەحیم شەممەرى، وەزیری  کشتوکاڵ 
سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگە 
وەهب حەسەنی، وەزیری گواستنەوە 
محەممەد کەربوولی، وەزیری پیشەسازی 
عەلی سەعد وەهیب، وەزیری  کارەبا