لە دیالە بە هەڵە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ منداڵێکی چوار ساڵان دەردەچێت
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دیالە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ منداڵێکی چوار ساڵان دەردەچێت بە مادەیەک کە پەیوەندیدارە بە هەڕەشەکردن. بە گوتەی پۆلیس، فەرمانەکە لەلایەن دادوەرەوە دەرچووە و هەڵە لە ناوەکەیدا کراوە، "لەبری باوکی، ناوی منداڵەکە نووسراوە".
ئەو چیرۆکە لە رووداوێکەوە دەستیپێکردووە کە لە 20ی نیسان لە شارى بەعقوبە روویداوە، کاتێک مێرمنداڵێکی 13 ساڵان بە ناوی (هادی عومەر) بە ماتۆڕسکیلەکەی لە منداڵێکی چوار ساڵانی داوە بە ناوی (کەڕاڕ فەهد) و بەو هۆیەوە مێرمنداڵەکە دەستگیرکراوە و دواتر بە هۆی ئەوەی ماتۆڕسوارەکە نەوجەوان بووە بە کەفالەت ئازاد کراوە.
زینە خەڵەف، دایکی ئەو مێرمنداڵە، لە دوای ئازادکردنی کوڕەکەی لە 4ی ئایار، سەردانی بنکەی پۆلیسی مەفرەقی لە شاری بەعقوبە کردووە و نووسراوێکی دادوەری لێکۆڵینەوەی پێبووە لەبارەی سکاڵایەک کە گوایە بەهۆی ئەو رووداوەوە رووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە، لە گوتە لێوەرگرتن لێی لەلایەن دادوەرەکەوە ناوی (کەڕاڕ فەهد)ی هێناوە وەک بەشێک لە رووداوەکە.
پێنجشەممە 21ی ئایاری 2026، عەمید هەیسەم شمەری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دادوەری لێکۆڵینەوە وای زانیوە کە (کەڕاڕی تەمەن چوار ساڵان) ئەو کەسەیە کە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و لە بڕیارى بانگهێشتکردن بۆ بەردەم دادوەر ناوی هاتووە، لەکاتێکدا سکاڵالێکراوەکە باوکی کەڕاڕە و ناوی (فەهد سوبحی)یە.
فەرمانی دەستگیرکردنەکە بەگوێرەی مادەی 432ی یاسای سزاکانی عێراقی بووە کە تایبەتە بە هەڕەشەکردنی زارەکی و سزاکەی دەگاتە ساڵێک بەندکردن و پێبژاردن.
عەمید هەیسەم شمەری رایگەیاند، ئەو پرسە پەیوەندیدار نییە بە پۆلیسەوە کە لایەنی جێبەجێکردنە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە دادوەر و دادگەوە کە فەرمانەکەی دەرکردووە و پۆلیس لایەنی جێبەجێکارە و دواى ئەوەى فەرمانەکە بۆ پۆلیس هاتووە زانیویانە کە ئەو کەسە منداڵێکى چوار ساڵانە.
دوای ئەوەی زانراوە کە ئەو کەسەی فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بۆ دەرچووە کەڕاڕی تەمەن چوار ساڵانە، سکاڵاکارەکە گوتەکانی خۆی لە ناوەڕۆکی سکاڵاکە گۆڕیوە بەوەى مەبەستی باوکی کەڕاڕ بووە و ئەو هەڕەشەی لێکردووە نەک منداڵەکە و ئەو پرسەش بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان راست کراوەتەوە.