قسەی وەزیری دارایی عێراق بۆ رووداو لەبارەی خەرجکردنی مووچە پێش جەژن
رووداو دیجیتاڵ
هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو ئاراستەن، کە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێش جەژن بنێرێت و دوای ئەوە حکومەت کە داهاتی ناوخۆی کۆکردەوە بۆ بەغدای بنێرێت، بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش وەک هەموو فەرمانبەرانی عێراق لە پیش جەژن مووجە وەربگرن.
بەرپرسێکی باڵای عێراق، کە لەسەر داوای رووداو سۆراخی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە، رایگەیاند: "قسەم لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کرد، ئەویش پێیڕاگەیاندم، بەر لە جەژن مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە دابەش دەکرێت."
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا، فالح ساری رایگەیاندووە، ئەگەر تاوەکو رۆژی دووشەممە کێشەی نەختینە نەبێ، مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
هەڵکەوت عەزیز ئاماژەی بەوەدا، وەزیری دارایی رایگەیاندووە، داهاتی نانەوتی نابێتە کێشە و دوای جەژن ئەو داهاتەی لە هەرێمی کوردستان کۆکراوەتەوە، وەریدەگرن.
بۆ ئەو مەبەستە، شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و ئێوارەی ئەمڕۆ گەڕایەوە.
عەبدوڵڵا رەمەزان، سەرۆکی شاندەکە، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "ئەگەر وەزارەتیی دارایی عێراق، جومعە و شەممە دەوام بکەن، رەنگە هەفتەی داهاتوو مووچەی هەرێمی کوردستانیش بدەن."
گوتیشی: "هیچ گرفتێکمان نییە و هەموو شتێک حازرە."
بڕیارە رۆژی شەممە، 23ی ئایار، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای عێراق کۆببێتەوە.
ئەمڕۆش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەکر سامەڕائی، راوێژکاری تایبەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا "جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانیی هاوئاهەنگیی لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ کرا بۆ چارسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا لە سەر بنەمای دەستوور ."
لە بەشێکی دیدارەکەدا ، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی سەردانی داهاتووی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرا.