چیرۆکی ئەو ژنەی هاوژینەکەی کوژرا و منداڵەکانی بێسەروشوێن بوون

رووداو - کەمپی حەسەن شام 

ئەمیرە عەلی ژنێکی ئاوارەی موسڵە لە کەمپی حەسەن شام و بەتەنیا لە خێوەتێکدا دەژی، هاوژینەکەی لە گەڕەکی زەنجەلی موسڵ بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە کوژراوە، هەردوو مناڵەکەشی بێ سۆراخن.

خەم و گریان بوونەتە هاودەمی ئەمیرە عەلی بەهۆی ونبونی دوو جگەرگۆشەکەی. ئەمیرە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانەوە عوبەیدی کوڕی (تەمەندووساڵ) و روسلی، کچیشی (تەمەن پێنج ساڵ) ونکردن، بەهۆی هەمان بۆردوومانیشەوە هاوژینەکەی لەدەستدا.

ئەمیرە دوایینجاری لەیاد ماوە کە منداڵەکانی تێدا بینیوە، دەڵێ "منداڵەکانم چوونە سەر شەقامی بەردەم شوقەکە، تەنها ئەوەندەم زانی ئاگرێکی گەورە بەرەو رووم هات و، بێهۆش بووم. دواتر لە نەخۆشخانە بەخەبەر هاتمەوە، داوای منداڵەکانم کرد، گوتیان ئەوان باشن، بەڵام من دڵەخورپەم بوو، زۆرم لێکردن و گوتیان دیارنین، لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا نازانم چییان بەسەر هاتووە".

ئەمیرە بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێ یەکەمجارە جەژن دوور لە منداڵەکانم دەکەم، هیچ شتێکم لا نییە نە وێنەی منداڵەکانم، نە بەڵگەنامە، تەنها خۆم لە بۆردوومانەکە دەرچووم.

شەڕی داعش لە موسڵ دەیان خێزانی لێکدی ترازاند، بەپێی سەرژمێریێکی رێکخراوی تیدی ئێچ، لە کەمپەکانی باشووری کوردستاندا، زیاتر لە 50 خێزان و نزیکەی 100منداڵ لێکدی دابڕاون. 

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار