سوودانى سەرجەم ئەندامانی لیژنەکەی ئەبو رغیف خانەنشین دەکات

رووداو دیجیتاڵ

بەبڕیارى سەرۆکوەزیرانى عێراق، بریکارى پێشووى هەواڵگریى وەزارەتى ناوخۆ و نۆ ئەفسەرى دیکە خانەنشین کران. ئەوەش لە چوارچێوەی دۆسیەى "ئەشکەنجەدانەکان"ـی لیژنەى لێکۆڵینەوەى گەندەڵى، کە لەسەردەمى حکومەتى پێشوو پێکهێندرابوو.
 
بەگوێرەى نووسراوێکى دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق، کە ئاڕاستەى وەزارەتى ناوخۆى کردووە، داوا دەکات رێوشوێنى پێویست لەدژى ئەحمەد ئەبو رغیف، بریکارى پێشووى هەواڵگریى وەزارەتى ناوخۆى عێراق و نۆ ئەفسەرى دیکەى ئەو وەزارەتە بگیرێتەبەر، ئەویش بە خانەنشینکردنیان، بەتۆمەتى ئەوەى بە سیفەتى ئەرکى فەرمى تاوانیان کردووە و دەڵێت "مانەوەی ئەو کەسانە لە خزمەت، زیان بە بەرژەوەندى گشتى دەگەیێنێت".
 
تاوەکو 2ـی ئادارى 2022، ئەحمەد ئەبو رغیف، سەرۆکى لیژنەیەکى تایبەت بوو بە لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانى گەندەڵى، کە لەلایەن مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى پێشوو پێکهێندرابوو، بەڵام بەهۆی بڕیارێکی دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، ئەو لیژنەیە هەڵوەشێندرایەوە.
 
لەدواى دەستبەکاربوونى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو لیژنەیە پێکهێندرا بەتۆمەتى ئەوەى ئەو کەسانەیان ئەشکەنجە داوە، کە دەستگیریان کردبوون.
 
رۆژی 21ـی حوزەیرانى 2023 باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیران راستاندنى بۆ راسپاردەکانى ئەو لیژنەى لێکۆڵینەوەیە کردووە، کە پێشتر پێکهێندرابوو لەسەر بنەماى سکاڵاى چەند هاووڵاتییەک، کە گوایە لیژنەکەى ئەبورغیف پێشێلکارى مافى مرۆڤیان بەرامبەر کردوون. 
 
بەگوێرەى نووسراوەکەى دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق، تۆمەتى سەر ئەحمەد ئەبورغیف و چوار ئەفسەرى دیکە،  کە پلەکانیان لەنێوان لیوا، عەمید و عەقیددایە، ئەنجامدانى تاوانى ئەشکەنجەدانە کاتێک لەو لیژنەیەدا کاریان کردووە.
 
رۆژی 29ـی تشرینى دووەمى 2022، عەبدولئەمیر شەمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق بڕیاری دا بە دوورخستنەوەى ئەحمەد ئەبو رغیف، بریکارى هەواڵگريى وەزارەتى ناوخۆ.