کۆمیسیۆن بۆ رووداو: دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگەی فیدراڵی کاریگەری راستەوخۆی لەسەرمان نابێ

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کارەکانی کۆمیسیۆن نابێ، بەڵام دەبێت دادگەی فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسند بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 21 ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەتری هەیە و 7 ملیۆن کەسیش تۆمارەکەیان نییە.
 
"دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگەی فیدراڵی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کۆمیسیۆن نابێ" 
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 2ـیی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کارەکانی کۆمیسیۆن نییە، چونکە کۆمیسیۆن سەربەخۆیە و یاسای تایبەت، بودجە و دەستەیەکی دادوەریی تایبەتی خۆی بۆ کاروباری هەڵبژاردن هەیە؛ بۆیە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت کە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵە".
 
پێنج شەممەی رابردوو، 9 ئەندامی دادگەی باڵای فیدراڵی، کە 6ـیان ئەندامی سەرەکی و سێیان یەدەگ بوون، دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکێش کرد.
 
عیماد جەمیل گوتی: "کۆمیسیۆن پابەندە بەوەی دوای 24 کاژێر لە هەڵبژاردن، ئەنجامی بەرایی رابگەیەنیێت. دواتر ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و لیژنەی تایبەت ئەو سکاڵایانە دەبینن کە لەبارەی هەڵبژاردن تۆمارکراون. پاشان، دەستەی دادوەریی تایبەت سەیری تانەکان دەکات و بابەتەکە یەکلایی دەکاتەوە؛ دواتر کۆمیسیۆن ئەنجامی هەڵبژاردن و ناوی براوەکانی هەڵبژاردن بۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بەرزدەکاتەوە بۆ پەسندکردن و ئیدی لێرە رۆڵی دادگەی باڵای فیدراڵی بەدیار دەکەوێت". 
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 21ـی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو 9 کەسەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێش کردووە هێشتا لە رووی یاساییەوە ئەندامی دادگەکەن.
 
دارا سێکانیانی گوتی: "ئەو کەسانە دەبێت وەڵامیان بدرێتەوە، ئیدی بە پەسندکردنی داواکەیان یاخود رەتکردنەوەی. ئەگەریش لە 30 رۆژدا وەڵامیان نەدرێتەوە، ئەوا بە دەستلەکارکێشاوە هەژار دەکرێن". 
 
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، دیاریکردنی جێگیرەوەی ئەو ئەندامانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق پەیوەندی بە پەرلەمانەوە نییە، بەڵکو لایەنە سیاسییەکان دەتوانن رێکبکەون و دوای ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی ناوەکان پێشکێش کرد، ئیدی لەبەردەم سەرۆککۆمار سوێندی دەستووری دەخۆن و مەرسوومی کۆمارییان بۆ دەردەکرێت".
 
بەگوێرەی بڕگەی 7ـی مادەی 93ـی دەستووری عێراقیش، پێویستە دادگەی باڵای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسند بکات. 
 
لە 25ی ئادارەوە پرۆسەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستی پێکرد و 20 ئەم مانگە کۆتاییهات. عیماد جەمیل گوتی، دوو ملیۆن و 155 و 160 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار و نوێکردووەتەوە.
 
وەرگرتنی ناوی بەربژێرانی هاوپەیمانی و پارتەکان تاوەکو 24ـی مانگ بەردەوام دەبێت
 
پرۆسەی وەرگرتنی ناوی بەربژێرانی هاوپەیمانی و پارتەکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو 2ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
 
عیماد جەمیل دەڵێت، دوای تەوابوونی وادەکە، کۆمیسیۆن وردبینی ناوەکان رەوانەی لایەنە پەیوەندارەکان دەکات، وەک دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بۆ وردبینی لە بڕوانامە، هەروەها دەزگا ئەمنییەکان بۆ وردبینی لە پێشینەی تاوان. 
 
وەک عیماد جەمیل دەڵێت، دواتر ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ناوەکان پەسنددەکات و پاشان کۆمیسیۆن تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بە هاوپەیمانی و پارتەکان دەکات. 
 
ئێوارەی 3ی حوزەیرانی 2025 لینکی پێشکێشکردنی داواکاری بۆ کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان لە سەر ماڵپەری کۆمیسیۆن و سەرجەم پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تایبەت بە کۆمیسیۆن کاراکرا و تاوەکو رۆژی 9ی مانگی تەمموز بەردەوام دەبێت.
 
عیماد جەمیل گوتی: "نزیکەی 450 هەزار کەس داواکارییان پێشکێشکردووە بۆ ئەوەی لە رۆژی دەنگدان لەسەر سندووقی دەنگدان بن". 
 
بوونە کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت (جگە لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان) دەگرێتەوە، بە مەرجێک لانیکەم بڕوانامەی ئامادەییان هەبێت.
 
"زیاتر لە 21 ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان هەیە"
 
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتریان هەیە و دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکەن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژمارەیە نزیکەی 70-75٪ی ئەوانە پێکدەهێنت کە مافی دەنگدانیان هەیە.
 
عیماد جەمیل گوتی، نزیکەی حەوت ملیۆنی کەسی دیکەش بە هەر هۆکارێک بێت، ناویان تۆمارنەکردووە یان تۆماریان نوێ نەکردووەتەوە و بێ کارتی دەنگدانی بایۆمەتریش کەس ناتوانێت دەنگ بدات. 
 
زۆرترین پارێزگا لەسەر ئاستى عێراق کە تۆمارى دەنگدەران تێیدا نوێ کراوەتەوە بەغدایە کە 475 هەزار و 318 کەس بووە؛ نەینەوا لە ریزبەندى دووەم دێت بە 289 هەزار و 556 کەس. 
 
لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان، زۆرترین نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بووە کە 153 هەزار و 32 کەسن؛ سلێمانى دووەمە و 115 هەزار و 454 تۆمارى دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە؛ لە دهۆکیش 75 هەزار و 781 کەس تۆمارى دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە.