18ـی تشرینی دووەم بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەستپێدەکات


رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی 18ـی تشرینى دووەمی 2023 بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق دەستپێدەکات و 24 کاژێر بەر لە دەستپێکردنى دەنگدان کۆتایی دێت.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە 18ى تشرینى دووەمی 2023دا بانگەشەى هەڵبژاردنى بەربژێر و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەستپێدەکات.
 
بڕیارە لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 15 پارێزگا ئەنجام بدرێت، ئەوەش دواى 10 ساڵ لە ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە.
 
عیماد جەمیل گوتیشى، "بەر لە 24 کاژێر لە دەستپێکردنى دەنگدانى تایبەت کە رۆژێک بەر لەو هەڵبژاردنەیە، بانگەشەى هەڵبژاردن کۆتایی دێت."
 
هەڵبژاردنەکە لە نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین و کەرکووکیش بەڕێوەدەچێت. 
 
لە ساڵی 2005ـەوە ئەمە یەکەمجارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دەکرێت، بەڵام نەبوونی یەکدەنگی لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان ئەو ترسەی لای بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانییان دروستکردووە کە کورد ژمارەیەکی زۆر کورسی لەدەستبدات.