عێراق و ئێران رووفاتی 26 سەرباز دەگۆڕنەوە
رووداو دیجیتاڵ
عێراق رووفاتى 18 سەربازى ئێرانى دەداتەوە ئەو وڵاتە، هەشت رووفاتى سەربازەکانیشی لێ وەردەگرێتەوە کە لە جەنگى هەشت ساڵەى نێوانیان کوژرابوون و بێسەروشوێن بوون. جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "سەربازانى کورد لە سوپاى پێشووى عێراق لەنێو بێسەروشوێنەکاندا هەن".
وەزارەتى بەرگریى عێراق رایگەیاند، بەسەرپەرشتیى رێکخراوى خاچى سوورى نێودەوڵەتى، رووفاتى 18 سەربازى ئێرانى رادەستى ئەو وڵاتە کراونەتەوە، کە 11یان ناسنامەیان زانراوە، لە بەرامبەردا عێراق رووفاتى هەشت سەربازى وەرگرتووەتەوە.
ئەو رووفاتانە لە 20ـى تەممووز لە دەروازەى شەلامچە لە سنوورى پارێزگاى بەسرە ئاڵوگۆڕ کراون کە لە پارێزگاکانى بەسرە، میسان، واست و دیالە دۆزرابوونەوە.
رۆژی 21ـى تەممووزى 2023، سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، زۆرترین سەربازە بێسەروشوێنەکان لە سنوورى پارێزگاى بەسرە و دیالەن، کە شەڕى قورسی تێدابووە لە نێوان عێراق و ئێران.
لە ساڵى 1980 بۆ 1988 جەنگ لەنێوان ئێران و عێراق روویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیى مەدەنى و سەرباز لە هەردوولا کوژران.
سەگڤان سندى گوتى، "هەزاران سەربازى عێراقى هەن، کە بەهۆى ئەو جەنگەوە تائێستا بێسەروشوێنن کە هاونیشتمانیى هەرێمى کوردستانیشیان تێدایە".
لە ساڵى 2008، دوو یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن بە سەرپەرشتیی رێکخراوى خاچى سوورى نێودەوڵەتى لەنێوان عێراق و ئێران واژۆکران، بۆ گەڕان بەدواى رووفاتى سەربازانى بێسەروشوێنى هەردوو وڵات لە سنوورى نێوانیان و رادەستکردنەوەیان بەیەکدى.
بەگوێرەى ئامارى لیژنەى بێسەروشوێنانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران لەدواى ساڵى 2003، رووفاتى 47 هەزار سەربازى ئێرانى لە عێراقەوە گەڕێندراونەتەوە و رووفاتى 2500 سەربازیش ماون بگەڕێندرێنەوە.