دادگەى فیدراڵى لەبارەى سکاڵاکانى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان بۆ "بڕیاردان" کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەبارەى دوو سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان کۆدەبێتەوە؛ بە گوتەى بەرپرسێکى یاسایی پەرلەمان، دادگە بڕیارى کۆتایی لەسەر دوو سکاڵاکە دەدات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 21ى تەممووزى 2025، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى ئەو دوو سکاڵایە.
 
سکاڵایەکیان لەلایەن عومەر گوڵپى، بەربژێرى دەرچووی پەرلەمانى کوردستان لە کۆمەڵى دادگەریى کوردستان تۆمار کراوە و تێیدا داواى بەپووچەڵ زانینى یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستانى کردووە؛ ئەوەش بەو پێیەى وەکو لە سکاڵاکەدا هاتووە، سەرۆکى کاتیى پەرلەمان بەگوێرەى پەیڕەوى نێوخۆ ئەرکەکەى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان تەواو نەکردووە، 45 رۆژ لەدواى پەسندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردن، کۆبوونەوەکە نەکراوە.
 
سکاڵاکەى دیکە لەلایەن سروە عەبدولواحید، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ؛ کاوە عەبدولقادر، کوردەوان جەمال، ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان لە هەمان فراکسیۆن پێشکێش کراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانی کوردستان.
 
دووشەممە 21ى تەممووز شەرمین بەهجەت، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "وەڵامنامەى پەرلەمان لەبارەى ئەو دوو سکاڵایەوە نێردراوە بۆ دادگەى باڵاى فیدراڵى، بەڵام نوێنەریان لەو دانیشتنە ئامادە نابێت."
 
سکاڵاکان لە دژى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و پەرلەمان تۆمار کراون، وەکو دوو لایەنى پەیوەندیدار بەو پرسە.
 
بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان گوتى، "ئەمڕۆ دادگە بڕیار لەبارەى دوو سکاڵاکەوە دەدات، ئەگەرچى داواى دواخستنیمان کردبوو."
 
یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستان لە 2ى کانوونى یەکەمى 2024 کرا. بەگوێرەى بڕگەى 4ى مادەى 10ى یاسای سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، ئەگەر لە 45 رۆژ لە بانگهێشتکردنى بۆ کۆبوونەوەى خولى نوێى پەرلەمان، رێژەى یاسایى ئامادەبوونى کۆبوونەوەکە بەدی نەهات، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە.
 
20ی تشرینى یەکەمى 2024 هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچوو، 30ى هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.