پەرلەمانتارێکی یەکێتی: عێراق کۆنترۆڵی بەسەر گرووپە چەکدارەکاندا نییە و هێرشی درۆنی گوشارە بۆ رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، حکومەتی عێراق توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی نییە کە لە دەرەوەی یاسا کار دەکەن. جەختیش دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان و عێراق بوونەتە قوربانیی کردەوەی ئەو میلیشیایانە و هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییەش بەشێکن لە گوشارەکان بۆ رێککەوتن.
ئەمڕۆ دووشەممە 21-07-2025 سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، بە تووندی رەخنەی لە دۆخی ئەمنیی عێراق گرت و رایگەیاند، "سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی گشتی هەیە و سەرۆکوەزیران فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، بەڵام لە دەرەوەی یاسا و لە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتە، ئێمە دەبینین بەشێکی دیکە میلیشیا هەن لە دەرەوەی دەسەڵاتە و گوێ لە دەسەڵات ناگرێت."
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی هۆکاری بەردەوامیی ناسەقامگیرییەکان بۆ بوونی ئەو گرووپانە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "بۆیە دەبینین زۆر جار عێراق و هەرێمی کوردستان دەبنە قوربانیی ئەو میلیشیایانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن. دەتوانم بڵێم حکومەتی عێراقی ناتوانێت کۆنترۆڵی ئەو چەکدارانە بکات."
سروە محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان نوێ نین و پێشتریش خەڵکی سڤیل و بارەگای حیزبەکانیان کردووەتە ئامانج، بەڵام ئێستا کێڵگە نەوتییەکانیش بوونەتە ئامانج. لەبارەی هەڵوێستی پەرلەمانیشەوە گوتی، هەرچەندە لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون پێکهێندراوە، بەڵام "تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێک نەگەیشتووەتە پەرلەمان،" دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیش تەنیا بۆ گفتوگۆکردنە و هیچ بڕیارێکی تێدا دەرناچێت.
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، دوو بڕگەی سەرەکی هەن، یەکێکیان تاوتوێکردنی هێرشە دۆرنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بابەتی دیکەش، ئاگرەکەی هەفتەی رابردووی هایپەرمارکێتی کۆرنیشە لە قەزای ناوەندی کوتی پارێزگەی واست.
سروە محەممەد هێرشەکان بە "گوشار بۆسەر هەرێمی کوردستان" دەزانێت و دەڵێت، "هەر کاتێک کێشە و گیروگرفت لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دروست ببێت، بێگومان گوشارێک دروست دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان."
هاوکات، سروە محەممەد جەختی لەسەر پێویستیی پابەندبوونی هەردوولا بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە و رایگەیاند، "ئەو رێککەوتنەی کراوە لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەنگی لەسەر دراوە و دەبێت هەردوولا جێبەجێی بکەن."
ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، زۆرجار "ئەجێندا سیاسی و دەرەکییەکان" دەبنە هۆی دروستکردنی پشێوی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و رێگر دەبن لە چارەسەرکردنی کێشەکان.