حەشدی شەعبی: مووچەی چەکدارەکانمان 100% دابینکراوە و بە کارتی موهەندیس دابەش دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، بنکەی تایبەت بۆ وەرگرتنی مووچەی چەکدارەکانیان بە شێوەیەکی ئاسان تەرخان کراوە، بە ئامانجی رێگری لە دروستبوونی قەرەباڵخی لە بنکەکانی دابەشکردندا، جەختیشی کردەوە کە مووچەکان بە رێژەی 100٪ دابینکراوە.
 
فەرمانگەکە رۆژی دووشەممە، 21ی تەممووزی 2025 روونیکردەوە، میکانیزمی نوێی دابەشکردن پشت بە "کارتی زیرەکی موهەندیس" دەبەستێت، کە بەستراوەتەوە بە ئامێری تایبەت بە خەرجکردنی مووچە و لە چەندین شوێنی دیاریکراودا بڵاوکراونەتەوە. هاوئاهەنگیی لەگەڵ لقەکانی بانکی نەهرەینی ئیسلامیدا دەکرێت بۆ مسۆگەرکردنی فراوانکردن و زیادکردنی خاڵەکانی دابەشکردن.
 
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو "کارتی موهەندیس" چەندین تایبەتمەندیی دارایی ئاسانکراوی تێدایە، دیارترینیان رێژەی سوودە کە لە 1٪ تێپەڕناکات، لەگەڵ ئەوەی دەتوانرێت لە هایپەرمارکێتەکان و سەنتەرە بازرگانییە گشتییەکاندا بەکاربهێنرێت، ئەمەش ئاسانکاریی زیاتر بۆ مامەڵە داراییەکانی چەکدارەکان و خێزانەکانیان دابین دەکات.
 
فەرمانگەکە رایگەیاندووە، کارتەکان پارێزراون و پشتیوانیی تەکنیکییان هەیە و سەرجەم رێکارەکانیش لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی فەرمانگە داراییە تایبەتمەندەکانی دەستەکەدا بەڕێوەدەچن، بۆ مسۆگەرکردنی دادپەروەری و شەفافیەت لە خەرجکردنی مووچەکان و پێشکێشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە ئەندامانی دەستەکە.
 
مانگی رابردوو کێشە بۆ مووچەی چەکدارانی حەشدی شەعبی دروست بوو و لە کاتی خۆیدا دابەش نەکرا. لە رۆژی 1ی تەممووز دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانیان کرا. ئەمەش پاش ئەوەی کۆمپانیای (کى کارد) بۆ گواستنەوەی پارە لە رێگەی ئامێرەکانی (ئەی تی ئێم)ـەوە، ئامادە نەبوو مووچە بۆ کارمەندانی دەستەی حەشدی شەعبی بگوازێتەوە.
 
دەستەی حەشدی شەعبی، سێشەممە 1ی تەممووز، لە راگەیێندراوێکدا دواکەوتنی مووچەی کارمەندەکانی بە "تەکنیکی" ناوبرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەو کێشەیە تەنیا بۆ ئەم مانگەیە، بەهۆی گۆڕانکاری لە سیستمی خەرجکردن و رایگەیاند، "ئەو دەنگۆیانە راست نین کە باس لەوە دەکەن سزا لەسەر ئەو کۆمپانیایانە هەیە، کە مووچەی حەشدی شەعبی خەرج دەکەن."
 
بەگوێرەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق 2023،2024 و 2025، حەشدی شەعبی 238 هەزار و 75 چەکداری هەیە.