لە عێراق زیاتر لە 4 ملیۆن فەرمانبەر هەن، بەڵام 9 ملیۆن کەس مووچە وەردەگرن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە عێراق زیاتر لە 4 ملیۆن فەرمانبەر هەن، بەڵام 9 ملیۆن کەس مووچە وەردەگرن. داهاتی دەروازە سنوورییەکانیش تائێستا نەگەیشتووەتە تریلیۆنێک و 500 ملیار دینار، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "بە هەر 22 دەروازەی 15 پارێزگاکەی عێراق، داهاتیان ناگاتە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان."
 
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە لە ژمارەی 4726ی رۆژی 26-06-2023ی رۆژنامەی فەرمیی وەقائعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق 4 ملیۆن و 74 هەزار و 697 کەسە؛ ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بە 658 هەزار و 189 فەرمانبەر دیاریکراوە.
 
"300 هەزار فەرمانبەری بندیوار لە عێراقدا هەن"
 
جەمال کۆچەر، کە دوو خوولە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی فەرمانبەرانی فەرمیی دەوڵەت و مووچەخۆران جیاوازن، زیاتر لە 4 ملیۆن و 74 هەزار فەرمانبەری فەرمی لە عێراقدا هەن و دەوام دەکەن، بەڵام بەگشتی ئێستا نزیکەی 9 ملیۆن مووچەخۆر لە عێراق هەن، ئەوانەی بە شێوەی جیاجیا مووچە وەردەگرن؛ وەکو خانەنشین، شەهیدان، چاودێریی کۆمەڵایەتی، شوێنبزبووان و زیندانی سیاسی.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، "250 هەزار فەرمانبەر لە عێراق هەن کە زیاتر لە دوو مووچە وەردەگرن، تەنانەت دەگاتە شەش مووچەش." پێشتر ئەحمەد مەلا تەڵال کە ماوەیەک گوتەبێژی حکومەتەکەی مستەفا کازمی بوو رایگەیاند، کەس هەیە نۆ مووچە وەردەگرێت. وەکو جەمال کۆچەر باسی دەکات، "نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەری دیکە هەن دەوام ناکەن و بندیوارن."
 
داهاتی نەوتی عێراق لە یاسای بودجە 117 تریلیۆن و 252 ملیار و 500 ملیۆن دینارە، لە کاتێکدا هەموو داهاتی نانەوتی 17 تریلیۆن و 300 ملیار و 419 ملیۆن دینارە. یەکێک لە سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی دەروازە سنوورییەکانە. جەمال کۆچەر دەڵێت، داهاتی دەروازە سنوورییەکان تائێستا ساڵانە تریلیۆنێک و 500 ملیار دۆلاری تێنەپەراندووە لە کاتێکدا پێویستە ساڵانەی لانیکەم 10 تریلیۆن دینار بێت.
 
هاوکات راشیگەیاند، پێشتر 10 جۆری گەندەڵی هەبوون، ئێستا بەشێکیان چارەسەر کراون، وەکو پێشتر شەش خاڵی سنووری لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بوون، بەڵام ئێستا چارەسەر کراوە، لەگەڵ بوونی نۆ خاڵی نافەرمی. هەر سەبارەت بە گەندەڵیی دەروازە سنوورییەکان دەڵێت، ساختەکاریی پسوولە جۆرێکە و کاڵاکە جۆرێکی دیکە، ساختەکاری لە بڕی کاڵای هاوردەکراویش دەکرێت. بۆ نمونە، 100 تۆن هاوردە دەکات بەڵام پسوولە بۆ 10 تۆن دەکات. بە گوتەی جەمال کۆچەر، ساختەکاری لە شوێنی دروستکردنی کاڵا و خۆراکیش دەکرێت، بۆ نموونە لە چین هاوردە دەکرێت و لەسەری دەنووسرێت "دروستکراوی ئەڵمانیا" یان بە پێچەوانەوە. هەروەها گەندەڵی لە نەدانی باجیش کراوە، کە بە شێوەیەک وەردەگیرا و بەشێکی کەمی پارەکە دەدرایە حکومەت.
 
لە عێراق 22 دەوازەی سنووری هەن، لە هەرێمی کوردستانیش 6 دەروازەی نێودەوڵەتی و 7 دەروازی نافەرمی هەن.
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاروباری دەوازەکان زۆر بەباشی و بەپێی یاسا و رێنوێنییە بەرکارەکان بەڕێوەدەچن، ئەو شاندانەشی لە بەغدا سەردانیان کردووە لە نزیکەوە قسەمان لەگەڵ دەکەن، گلەییان نییە و دەڵێن، بە سیستمێکی زۆر باشی ئەلیکترۆنی کار دەکرێت. بەڵام کاتێک دەڕۆنەوە بە شێوازێکی دیکە قسە دەکەن، ئەمەش جێگەی نیگەرانییە؛ جۆرێکە لە شەڕی سیاسی."
 
"داهاتی دەروازەی سنووریی پارێزگاکانی کوردستان لە 15 پارێزگای عێراق زیاترە"
 
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێمە ناڵێین دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کەموکوڕییان نییە، بەڵام بەراورد بە دەروازە سنوورییەکانی عێراق سەتان جار باشترن. داهاتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە ئێمە زۆر کەمترە. رەوا نییە 22 دەروازەی سنوورییان هەیە لە 15 پارێزگادا و داهاتەکەی لە سێ پارێزگای ئێمە کەمتر بێت، کە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی تریلیۆنێک و 500 ملیار دینارە، بەڵام لە عێراق بە 22 دەروازە و 15 پارێزگاوە ناگاتە تریلیۆنێک و 200 بۆ 300 ملیار دینار."