بزووتنەوەی ئیمتیداد بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی ئیمتیداد بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ناکات، کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ بکرێت.
بزووتنەوەی ئیمتیداد، کە لە نێو ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکان دروست بوو، رۆژی دووشەممە، 21-08-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی دواکەوتنی بەستنی کۆنگرەی گشتییان بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتیی نوێ، بزووتنەوەکە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ناکات لەو وادەی دیاریکراوە.
بڕیارە رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بکرێت.
زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن، 900 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەکرێنەوە.
بزووتنەوەى ئیمتیداد بە یەکێک لە نوێنەرانى خۆپێشاندانى تیشرینییەکانى 2019 دادەنرێت، کە ئێستا خاوەنى 16 ئەندامى پەرلەمانە لەدواى ئەوەى چوار لە ئەندامەکانى بەهۆى کێشەى نێوخۆیی ئەو بزووتنەوەیە لە فراکسیۆنەکە کشانەوە.
15ى کانوونى یەکەمى 2021، هەردوو بزووتنەوەى نەوەى نوێ و ئیمتیداد هاوپەیمانییەکیان بەناوى "هاوپەیمانی لە پێناو گەل" پێکهێنا، کە ئەو کاتە بەهەردوو فراکسیۆنەکە 18 کورسى پەرلەمانى عێراقیان هەبوو.
یەکى ئابى 2023، سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ، کۆتاییهاتنى هاوپەیمانێتی حیزبەکەی لەگەڵ بزووتنەوەى ئیمتیداد راگەیاند و ئەو هەنگاوەى بەستووەتەوە بە کێشە نێوخۆییەکانى بزووتنەوەى ئیمتیداد.