فالح فەیاز: حەشدی شەعبی هیچ لێکچوونێکی لەگەڵ سوپای پاسداراندا نییە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، رایگەیاند، یاسای حەشدی شەعبی لەلایەن خودی عێراقییەکانەوە نووسراوەتەوە و رەتیکردەوە هیچ لێکچوونێک لەنێوان پێکهاتەی حەشد و سوپای پاسدارانی ئێراندا هەبێت. دەشڵێت، هێشتا مەترسییەکان ماون، بۆیە پێویستییان بە حەشد هەیە.
 
فالح فەیاز لە لە چاوەپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رەتیکردەوە کە یاسای حەشدی شەعبی لەسەر مۆدێلی سوپای پاسدارانی ئێران داڕێژرابێت و گوتی: "یاسای حەشدی شەعبی بە دەستی عێراقی و بە بەشداریی شارەزایانی یاسایی و پسپۆڕانی وەزارەتی بەرگری نووسراوەتەوە."
 
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دانی بەوە نا کە سوپای پاسداران و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، "پشتیوانی و هاوکاریی عێراقیان کردووە لە شەڕی دژی تیرۆر"، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە کاریگەری لەسەر پێکهاتە و یاسای حەشد نەبووە.
 
سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، فەیاز بە تووندی دژایەتیی خۆی نیشاندا و پرسیاری کرد: "کام شێت دەڵێت پێویستیمان بە حەشد نەماوە؟ دۆخی هەرێمی ئێستا لەوەی ساڵی 2014 خراپتر نەبێت، باشتر نییە."
 
پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە 18 مادە پێكهاتووە، 25ـی شوباتی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد و پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کردووە و تەنیا دەنگدانی ماوە. لەو پڕۆژەیاسایەدا، حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق پێناسە کراوە و بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە. دەبێت هاوکاری لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و دامەزراوەکانی دیکەش هەبێت. سەرۆکی دەستەکە باڵاترین دەسەڵاتە و بەرپرسە لە کێشانی سیاسەتی کارکردنی دەستەکە و چاودێریی چالاکییەکانی دەکات.
 
فەیاز داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد پەلە بکات لە پەسندکردنی یاساکە و گوتی، "ئێمە دەسەڵاتمان بەسەر پەرلەماندا نییە، بەڵام هیوادارین بە زووترین کات یاساکە پەسند بکرێت."
 
سەبارەت بە مووچەی چەکدارانی حەشدی شەعبیش، سەرۆکی دەستەکە رەتیکردەوە گرێبەستیان لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکی نوێدا کردبێت و رایگەیاند کە مووچە بەگوێرەی میکانیزمەکانی پێشوو دابەش دەکرێت.