سوودانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لە ئاگرەکەی کوت پەسند کرد؛ ژمارەیەک بەرپرس دادگەیی دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 21ی ئەیلوولی 2025، ئەنجامی کۆتایی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کوت، ناوەندی پارێزگای واست-ی پەسند کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە، ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و فەرمانبەر لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا "کەمتەرخەم بوون." کەمتەرخەمییەکانیش بریتی بوون لە پێشێلکردنی بەرپرسیارێتی، رێگەدان بە خاوەنی پڕۆژەکە بۆ کاری بیناسازی بەبێ مۆڵەتی یاسایی و گەیاندنی کارەبا بۆ باڵەخانەکە. هەروەها، لیژنەکە ئاماژەی بەوە کردووە ئەو بەرپرسانە رێوشوێنی پێویستی یاسایی و کارگێڕییان نەگرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان.
شەوی 16ی تەممووزی 2025 ئاگر لە باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی شاری کوت-ی ناوەندی پارێزگای واست کەوتەوە. نزیکەی 70 کەس گیانیان لەدەستدا، زۆرینەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا بە دووکەڵی ئاگرەکە خنکان.
بە پشتبەستن بە ئەنجامەکان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران بڕیاری دا بە:
- دادگەییکردنی چەندین بەرپرسی باڵا ، لەوانە پارێزگاری پێشووی واست، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی پارێزگاکە، بەڕێوەبەری پێشوو و ئێستای شارەوانیی کووت و بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای واست. هەروەها سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی بەرپرس بوون لە چاودێریکردنی سەرپێچییەکان و پێدانی رەزامەندیی گەیاندنی کارەبا بۆ باڵەخانەکە، رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
- راسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەن و لیژنەی لێکۆڵینەوەی کارگێڕی و سەپاندنی سزای گونجاو بەسەر ئەو کەسانەی کەمتەرخەمییان سەلمێنراوە.
لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە رۆژی پێنجشەممە، 17ی تەممووز بەڕێوەچوو، بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون لەو رووداوەدا بە مەبەستی سزادانیان.
بەگوێرەی بڕیارەکە، دەبێت ئەو لیژنەیە کارەکانی لە پێنج رۆژدا تەواو بکات و راسپاردەکانی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران بکات.
یەکێک لە بڕیارەکانی دیکە، قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەیە بە 10 ملیۆن دینار. وەزارەتی تەندروستیش چارەسەری برینداران لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق لە ئەستۆ دەگرێت.