پارێزگاری پێشووی واست هێرشی تووند دەکاتە سەر سوودانی
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری پێشووی واست رایدەگەیێنێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق رووداوی ئاگرەکەی کوت-ی "بۆ مەرامی هەڵبژاردن بەکارهێناوە." دەشڵێت، ئامادە نەبووە بچێتە نێو لیستەکەی سەرۆکوەزیران لە هەڵبژاردنی پەرلەمان عێراقدا.
محەممەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری پێشووی واست ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی ئەیلوولی 2025 لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرەتا بە "هاندان" دەستیپێکردووە و دواتر گۆڕاوە بۆ "ترساندن" تاوەکو ناچاری بکەن بچێتە نێو لیستەکەی.
محەممەد جەمیل مەیاحی، کە بەهۆی ئاگرەکەی کوت دەستی لە پۆستی پارێزگاری کشاندەوە لە تۆڕی کۆمەڵاتەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە دەڵێت: "دوای ئەوەی بڕیارمان دا لەگەڵیدا نەچینە هەڵبژاردن، رووداوی ئاگرەکەی کوت-ی بۆ یەکلاییکردنەوەی حیسابات قۆستەوە و بەتەواوی لە پیشەیی دوورکەوتەوە. راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ کردین و داوای لێکردین گەرەنتیی پێبدەین کە دوای هەڵبژاردن بچینە پاڵی، ئەگەرنا، رووداوی ئاگرەکەمان لە دژ بەکاردەهێنێت، وەکو ئەوەی ئێستا کردوویەتی."
محەممەد جەمیل مەیاحی داوای لە دادگەی عێراق کرد "لێکۆڵینەوەکان قووڵبکەنەوە و بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی رووداوەکە دەربخەن، کەمتەرخەمەکانیش بە تووندترین شێوە سزا بدەن و رێگە نەدەن هیچ کەسێک ئەم رووداوە تاوانکارییە بۆ مەرامی سیاسی و هەڵبژاردن بقۆزێتەوە و دەسەڵاتی خۆی بۆ یەکلاییکردنەوەی حیسابات بەکاربهێنێت."
بە گوتەی مەیاحی ئەو ئەنجامانەی لێکۆڵینەوە کە ئەمڕۆ راگەیێندراوە، رۆژی سێیی ئەم مانگە پەسندکراون و هەر ئەو کاتە رەوانەی دادگە کراون، بەڵام ئێستا و لە نزیک هەڵبژاردنەکان بڵاوکراونەتەوە. جەختی لەوەکردەوە، "ئێمە لەبەردەم دادگە ئامادەبووین و هەموو بەڵگە و رێکارە یاساییەکانی پارێزگامان خستەڕوو، هەروەها وەڵامی ئەو تێبینییەی لیژنەکەمان دایەوە کە پارێزگار بەرپرسیارە لە دابیننەکردنی ئامێر و پێداویستی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی."
پارێزگاری پێشووی واست گوتی: "پارێزگا ئامێر و پێداویستیی نوێی تایبەتی بۆ بەرگریی شارستانی دابینکردبوو، بەڵام بە فەرمانی سەرۆکوەزیران دوو رۆژ پێش رووداوەکە بۆ سووریا نێردرابوون، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەرگریی شارستانی نەتوانێت کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکات."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 21ی ئەیلوولی 2025، ئەنجامی کۆتایی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کوت، ناوەندی پارێزگای واست-ی پەسند کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە، ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و فەرمانبەر لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا "کەمتەرخەم بوون." کەمتەرخەمییەکانیش بریتی بوون لە پێشێلکردنی بەرپرسیارێتی، رێگەدان بە خاوەنی پڕۆژەکە بۆ کاری بیناسازی بەبێ مۆڵەتی یاسایی و گەیاندنی کارەبا بۆ باڵەخانەکە. هەروەها، لیژنەکە ئاماژەی بەوە کردووە ئەو بەرپرسانە رێوشوێنی پێویستی یاسایی و کارگێڕییان نەگرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان.
شەوی 16ی تەممووزی 2025 ئاگر لە باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی شاری کوت-ی ناوەندی پارێزگای واست کەوتەوە. نزیکەی 70 کەس گیانیان لەدەستدا، زۆرینەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا بە دووکەڵی ئاگرەکە خنکان.
بە پشتبەستن بە ئەنجامەکان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران بڕیاری دا بە:
- دادگەییکردنی چەندین بەرپرسی باڵا ، لەوانە پارێزگاری پێشووی واست، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی پارێزگاکە، بەڕێوەبەری پێشوو و ئێستای شارەوانیی کووت و بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای واست. هەروەها سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی بەرپرس بوون لە چاودێریکردنی سەرپێچییەکان و پێدانی رەزامەندیی گەیاندنی کارەبا بۆ باڵەخانەکە، رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
- راسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەن و لیژنەی لێکۆڵینەوەی کارگێڕی و سەپاندنی سزای گونجاو بەسەر ئەو کەسانەی کەمتەرخەمییان سەلمێنراوە.
لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە رۆژی پێنجشەممە، 17ی تەممووز بەڕێوەچوو، بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون لەو رووداوەدا بە مەبەستی سزادانیان.