کۆمیسیۆن دابەشکردنی زەوی و دامەزراندن و سوپاسنامەى لە کاتی بانگەشە قەدەخە کرد

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن هەموار دەکات و چەند کار و بەخشینێک وەکو سەرپێچی هەژمار دەکات، لەوانە؛ دابەشکردنی زەوی، دامەزراندن و سوپاسنامەى فەرمانبەران لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن.
 
ئەو هەموارە لە 18ی ئەیلوولی 2025، لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە پەسەند کراوە، لە دوای ئەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە 18ی ئاب بە فەرمی داوایان لێکرد ئەو هەنگاوانە لە کاتی بانگەشە قەدەخە بکات.
 
ئەو کارانەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەخەکراون، بریتین لە: دەرکردنی نووسراوی سوپاسنامە بۆ فەرمانبەران، دابەشکردنی زەوی وەک بەشێک لە بەڵێنی هەڵبژاردن، دەرکردنی فەرمانی دامەزراندن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەکارهێنانی سامانى مرۆیی و پارەی گشتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
 
لەنێو هەموارەکەدا قەدەخەکراوە بەربژێران و پارت و هاوپەیمانێتییەکان زمانى یەکترخستن و بەکارهێنانی زمانی تایفەگەریی و رەگەزپەرستی بەکاربهێنن.
 
یەکشەممە 21ـی ئەیلوولی 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی رایگەیاند: ئەوەی پەیوەندیدار بێت بەو هەنگاوە قەدەخەکراوانەوە، کۆمیسیۆن چاودێریی ناکات، بەڵکو سکاڵا لەبارەیانەوە وەردەگرێت.
 
بەگوێرەی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن، سزاکانیان لەنێوان پێبژاردن تاوەکو دوورخستنەوە دەبێت لە هەڵبژاردن.
 
عیماد جەمیل رایگەیاند، قەدەخەکردنی ئەو کارە نوێیانەی بۆ رێکارەکان زیاد کراوە، لە رۆژی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن تاوەکو رۆژێک دوای هەڵبژاردن کاری پێدەکرێت.
 
11ی تشرینی دووەمی 2025 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام بەهۆی پەسەند نەکردنی کۆتایی ناوی بەربژێران، رۆژی دەستپێکردنی بانگەشە دیاری نەکراوە.