کۆمیسیۆن بۆ رووداو: وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان رۆژی هەڵبژاردنیش بەردەوام دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو رۆژی هەڵبژاردن، دەکرێت کارتی دەنگدان لەلایەن دەنگدەرانەوە وەربگیرێتەوە و بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان لەبری خاوەن کارتەکەش مەرجی هەیە.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی سێشەممە 21-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دابەشکردنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان بەردەوام دەبێت و ئەو کەسانەی تازە کارتەکەیان دەرهێناوە، دەنگدەران دەتوانن رۆژی هەڵبژاردنیش کارتەکەیان وەربگرنەوە و دەنگی پێ بدەن."
 
دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 9ی تشرینی دووەم و دەنگدانی گشتی دوو رۆژ دواتر ئەنجام دەدرێت.
 
جومانە غەلای دەڵێ: "کەسێکی دیکە دەتوانێت لەجیاتی دەنگدەرەکە کارتی دەنگدانەکەی وەربگرێتەوە، بەو مەرجەی کەسی پلە یەکی بێت و بەڵگەنامەی خۆی و خاوەنی دەنگدەرەکە پێشکەش بکات، بیسەلمێنێت کەسی پلە یەکى خاوەنى ئەو کارتەیە کە وەریدەگرێتەوە."
 
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوەکو  16ی تشرینی یەکەم، لە کۆی سێ ملیۆن و 583 هەزار و 703 کارتی بایۆمەتری کە بۆ یەکەمجارە دەتوانن دەنگی پێبدەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 44.8%ی لەسەر ئاستی عێراق لەلایەن خاوەنەکانیانەوە وەرگیراونەتەوە.