دوو ملیۆن فۆرمی یەدەگی دەنگدان ئامادەکراوە؛ 'لەبەرناگیرێتەوە و نیشانەی تایبەتی تێدایە'
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 22 ملیۆن فۆرمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چاپ کراون، لەو ژمارەیەش نزیکەی دوو ملیۆنیان زیاترە لە ژمارەی دەنگدەران و یەدەگن، بۆئەوەی هەر دەنگدەرێک کێشەی هەبوو فۆرمێکی دیکەی بدرێتێ، بەڵام بە رێژەی دیاریکراو، فۆرمەکانی دەنگدان بەسەر هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتیدا دابەش کراون و لە وڵاتێکی کەنداو چاپ کراون.
سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025 نیبراس ئەبو سۆدە، جێگری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فۆرمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان گەیشتووەتە عێراق، بە فۆرمی یەدەگیشەوە. کۆی فۆرمی دەنگدانی گشتی 22 ملیۆن و 45 هەزار و 200 دانەیە، فۆرمی دەنگدانی تایبەتیش ملیۆنێک و 509 هەزار و 300 دانەیە، بە شێوەی رێژەیی بەسەر بنکەکانی دەنگدان لە پارێزگاکان دابەش دەکرێن."
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 کەس دەتوانن دەنگ بدەن، 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773یان لە دەنگدانی گشتی و یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980یان لە دەنگدانی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن.
بەگوێرەی ئەو ئامارە، ژمارەی ئەو فۆرمە زیادانەی دەنگدان کە چاپ کراون بۆ دەنگدانی گشتی، یەک ملیۆن و 981 هەزار و 427 فۆرمن،بۆ دەنگدانی تایبەتیش 195 هەزار و 320 فۆرمی یەدەگ چاپ کراون، بە هەردووکیان دوو ملیۆن و 151 هەزار و 209 فۆرمی یەدەگ هەن لەو هەڵبژاردنەدا.
نیبراس ئەبو سۆدە گوتی، "فۆرمی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو (ئیمارات) چاپ کراوە، نیشانەی نهێنیی پارێزراویان تێدایە، کە بە ئامێری تایبەت نەبێت نادۆزرێنەوە و ناشتوانرێت لەبەربگیرێتەوە، ئەو فۆرمەی بەکارهێندراوە ئەو جۆرە نیشانانەی تێدایە لە دراودا هەیە."
دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 9ى تشرینی دووەم و دەنگدانی گشتی دوو رۆژ دواتر دەکرێت.
زیاتر لە 7000 بەربژێر رکابەری دەکەن بۆ 329 کورسیی خولی شەشەمی پەرلەمان کە نۆیان کۆتای پێکهاتەکانن.