وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت پێنج کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی سەفا مەشهەدانی دەستگیرکردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی پێنج کەسی بە تۆمەتی کوشتنی سەفا مەشهەدانی، بەربژێر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا راگەیاند.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، هێزێکی وەزارەتەکەیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی حەشدی شەعبی، ئۆپەراسیۆنێکی وردی جۆرییان ئەنجامداوە، کە بەهۆیەوە پێنج تۆمەتبار دەستگیرکران؛ "تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە رووداوی شەهیدکردنی سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، کە لە قەزای تارمییەی باکووری بەغدای پایتەخت روویدا."
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، "ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەری بووە کە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەرچووە و دوای هەوڵی هەواڵگری و مەیدانیی چڕ و لێکۆڵینەوەی بەردەوام بووە کە بووەتە هۆی دیاریکردنی شوێنی تۆمەتباران و دەستگیرکردنیان بەپێی یاسا."
وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە، لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن و دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، رای گشتی لە وردەکارییەکان ئاگادار دەکەنەوە.
دوێنێ، عامر داود فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بکوژی سەفا مەشهەدانی ناسراوەتەوە، رێکارەکانی لێکۆڵینەوە بەردەوامە، بەم نزیکانە لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان ئەنجامی لێکۆڵینەوە رادەگەیێنێنن".
سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەریی، بەرەبەیانی رۆژی 15ـی 10ـی 2025، لە ناوچەی تارمییەی باکووری بەغدا، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لەدەستدا.