حەلبووسی بە 14%ـی حکومەت و 10%ـی پەرلەمانەوە چى دەکات؟

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى بۆ محەممەد حەلبووسی و لێسەندنەوەى ئەندامیێتى پەرلەمان، قۆناخێکە کە لە پێنج ساڵى رابردوودا پێیدا نەڕۆیشتووە، پارتەکەى 14%ـی حکومەت و 10%ـی پەرلەمانی پێکهێناوە، بەڵام سیناریۆکانى بەردەمى بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە، ئاڵۆزن.
 
لەیس دلێمى، لە بەرپرسى دەستەڕاستى حەلبووسییەوە لە بەغدا، بووە سەرەکیترین نەیارى و سکاڵاى لەدژی تۆمار کرد، بەر لە 10 ساڵیش بەتۆمەتى ئەندامیێتى رێکخراوى قاعیدە لە شاشەى تەلەفزیۆنەکان پێشاندرا و پێنج ساڵی لەزینداندا بوو.
 
هەڵوەشاندنەوەى ئەندامیێتى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراقەوە لە 14ـی تشرینى دووەم، دەستلەکارکێشانەوەى پەرلەمانتارەکانى فراکسیۆنەی لە سەرکردایەتى و جێگرى لیژنەکان بەدواداهات.
 
هەروەها دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرانى پیشەسازى و کانزاکان، پلاندانان و رۆشنبیریى بەدواداهات، کە سەر بە پارتى تەقەدوومن، ئەو پارتەی حەلبووسی سەرۆکایەتیی دەکات، بەڵام دواتر لە 20ـی تشرینى دووەم داواکارییەکەیان لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەتکرایەوە. 
 
ئەو پێشهاتە، دۆخى نێو هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەتیشى گرژ کردووە، کە لایەنەکانى پێکهێنەرى حکومەتن و هاوپەیمانیى سەروەرى یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی.
 
بەگوێرەى خشتەى کارى کۆوبونەوەکانى پەرلەمانى عێراق ، 22ى تشرینى دووەم  دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمان دەکرێت کە پشکى سوننەیە. ئەو هەنگاوە کۆتایی بە ئەگەرى گەڕانەوەى حەلبووسی بۆ سەر کورسییەکەى یان هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى بۆ دوورخستنەوەى هێنا.     
 
هاوکێشەى دەنگدانەکە 
 
بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى دادگەى باڵاى فیدراڵی بۆ پرسێک کە تایبەت نەبێت بە کێشەى نێوان هەرێم و پارێزگەکان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى، پێویستى بە دەنگى نیوە کۆیەکى دادوەرەکانە، کە دەکاتە پێنج ئەندام، لەکاتێکدا لەکۆى نۆ دادوەرەکەى دادگەکە، دوو دادوەریان کورد و سێیان سوننەن.
 
پارێزەر ئازاد دۆسکى، شارەزاى دۆسیەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵییە لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتی "ئەو بڕیارە پێویسى بە زۆرینەى رەهایە، بەدڵنیایەوە ئەگەر دادوەرە کورد و سوننەکان لەدژى بوونایە، بڕیارەکە دەرنەدەچوو." 
 
یەکێک لە پاساوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى بۆ لێسەندنەوەى ئەندامیێتى پەرلەمان لە محەممەد حەلبووسی، شکاندنى سوێندى یاسایی پەرلەمانتارییە. 
 
ئازاد دۆسکى ئاماژەى بەوەدا "بەگوێرەى مادەى 93ـى دەستوور، دەسەڵاتى دادگەى باڵای فیدراڵى بۆ تاوتوێى سکاڵاکانى تایبەت بە شکاندنى سوێندى سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان دەگرێتەوە و باسی سەرۆکى پەرلەمانی نەکردووە."
 
رێژەی 14٪ـی حکومەت و 10% پەرلەمان لە حیزبەکەی حەلبووسین
 
لە کۆى 21 وەزیرەکەى حکومەتى عێراق، حەوتیان سوننەن، لەوانە سێیان سەر بە پارتى تەقەدوومن کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتى دەکات.
 
وەزارەتەکانى پارتى تەقەدووم بریتین لە، پلاندانان، پیشەسازى و کانزاکان، رۆشنبیرى و گەشتوگوزار و شوێنەوار.  کەوابێت 14%ـی حکومەتن، پشکى هاوپەیمانیى عەزم بە سەرۆکایەتىی خەمیس خەنجەر، بریتین لە وەزارەتەکانى بەرگرى و بازرگانی، هاوپەیمانى عەزمى عێراق، ئەوانیش سوننەن و وەزارتەکانى کارەبا و پەروەردەیان بەدەستەوەیە.
ئەگەر وەزیرەکانى حەلبووسی و خەنجەر پێکەوە کۆبکرێنەوە، 21%ـی حکومەت پێکدەهێنن.
 
فراکسیۆنى تەقەدووم، 34 ئەندامى لە پەرلەمانى عێراقدا هەیە، کە دەکاتە 10.3%ـی تێکڕاى ژمارەى ئەندامانى پەرلەمانى عێراق، لەکۆى 25 لیژنە هەمیشەییەکەى پەرلەمانى عێراق، فراکسیۆنى تەقەدووم چوار سەرۆکى لیژنە، 7 جێگرى یەکەمى سەرۆکى لیژنە، سێ جێگرى دووەمى سەرۆکى لیژنەى هەیە.
 
لە کۆى 15 کورسییەکەى پەرلەمانى عێراق لە پشکى ئەنبار، 10ـیان سەر بە تەقەدوومن، ئەوە جگە لە سەربەخۆکان کە هاوسۆزین.
 
سیناریۆیەکى 10 ساڵ لەمەوبەر
 
بەر لە 10 ساڵ، ئەنبار بەرامبەر بە دەسەڵاتى فیدراڵى بەغدا خۆپێشاندانى کرد و مانیگرت، کە هەمان شێوەى ئێستا لە سەروبەندى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکاندا بوو، ئەوکات گرژى دروست بوو، هێزە ئەمنییەکان دەستوەردانیان کرد، رێکخەرى خۆپیشاندانەکان دەستگیرکران، بەشێکیان بە تۆمەتى تیرۆر دادگەیی کران، شیعە ئەو خۆپێشاندانانەى بە یاخیبوون زانى، بۆیە دایمرکاندەوە، بەهۆى ئەو ئاڵۆزییە؛ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکان لە ئەنبار و نەینەوا بۆ مانگى تەممووزى 2013 دواخرا، واتە سێ مانگ دواى هەڵبژاردنى پارێزگاکانى دیکە.
 
گوشارى جەماوەرى لە ئەنبار یەکێکە لە چەکەکانى دەستى حەلبووسی، بەڵام ئەوە پێشینەیەکى هەیە کە ئەنجامەکەى پێناچێت باش بێت؛ ئەگەر هەمان سیناریۆى 10 ساڵ لەمەبەر دووبارە بێتەوە.
 
یەکێک لە سیناریۆکانى دیکە ئەوەیە؛ حەلبووسی لە هاوپەیمانى عەزمى هاوپەیمانى دوور نەکەوێتەوە ، هەڵوێستى ئەوان نزیک بکاتەوە لە گوشارى خۆى، بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى وەک بڕیارێک لەدژى سوننە لەوانیش بگەیێنێت، بەرەیەکى سونەى بەهێز لە هاوپەیمانى بەڕێوەبکردنى دەوڵەت دروست بکرێت، ئەمە رەنگە وەک ئەوە دەرنەچێت کە لە خەیاڵى حەلبوسیە، چونکە پێکهێنەرانى هاوپەیمانى سەروەرى زۆر کۆک نین و لەدواى بڕیارەکەش هاوپەیمانە سوننەکەى با ئاشکرا نەیگوتووە کە بڕیارەکەى دادگە سیاسیە.
 
سینایۆیەکى دیکە ئەوەیە  کە تەقەدووم ببێتە ئۆپۆزسیۆن، ئەوە "خۆکوشتنێکە" کە پێشتر تاقیکراوەتەوە، بۆ سوننە ئۆزپۆزسیۆن بوون کاریگەرى نەرێنى هەیە، بۆ ئەوەى کار بۆ پارێزگا سوننەکان بکرێت دەبێت لە حکوومەتدا بن، نەک لە دەرەوەى بازنەکە.
 
لەیس دلێمى، لە تۆمەتى قاعیدەوە بۆ بەرپرسی باکوورى بەغدا  
 
لەیس دلێمى، تەمەنى 47 ساڵە، خەڵکى بەغدایە ئەمە دووەم خولى پەرلەمانە ئەندام بێت، پێشت ئەوە ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى بەغدا بووە.
 
لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە ساڵى 2021 لەیس دلێمى لە بازنەکەى خۆیدا لە بەغدا زۆرترین دەنگەکانى بەدەست هێناوە کە 17 هەزار و 830 دەنگە، بەرپرسى کاروبارى رێکخستنەکانى حیزبى تەقدوم بوو لە باکورى بەغدا تاوەکو ساڵى 2022 کە حەلبوسی لە حیزبەکەى دووریخستەوە.
 
لە دیمەنێکى ڤیدیۆیی بەر لە 11 ساڵ، لەیس دلێمى بەجلێکى پرتەقاڵی تۆمەتبارى تیرۆر، بە کەلە پچەکراوى هەڵدەستێتە سەرپێ و هاوار دەکات و دەڵێت" ئێمە بێتاوانین و ئەم عەمیدە شانۆگەریەکى بۆ دروست کردووین، مەمانبەن بۆ لاى دەمانکوژێت."
 
ئەو دەرکەوتنە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانیى هێزە ئەمنیەکان بووە لەساڵى 2012 بۆ ئاشکراکردنى گروپێک بوو کە گوایە سەر بە رێکخراوى قاعیدەن کە لەیس دلێمى یەکێکیان بوو.
 
لەیس دلێمى لەساڵى 2012  بەتۆمەتى ئەوەى پەیوەندى بەرێکخراوى قاعیدە هەیە دەستگیرکرا، بەگوێرەى هێزە ئەمنیەکان لە دانپێدانانەکانیدا گوتوویەتى لە ساڵى 2005ـەوە پەیوەندیم بە قاعیدەوە هەبووە، بەڵام خۆى لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: "دانپێدانانەکەمیان پێدام، گوتیان ئەمە دەڵێیت و منیش لەبەرمکرد".
 
تاوەکو ساڵى 2017 لەیس دلێمى لە زیندان بوو دواتر ئازاد کرا، پاساوى ئازادکردنى ئەوەبوو لەلایەن دادگاوە کە بەڵگەى پێویست بۆ سەرکۆنە کردنى نەبووە.