عیسا عیساوی لەبری محەممەد حەلبووسی وەک پەرلەمانتار دەستبەکاردەبێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی جێگرەوەی محەممەد حەلبووسی وەڵامی پەرلەمانی عێراقی دایەوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە نووسراوی فەرمی وەڵامیان داوەتەوە و ئامادە نین ئەوان ناوی جێگرەوەی حەلبووسی ئاشکرابکەن.
هۆکاری ئاشکرانەکردنی ناوی جێگرەوەکەی حەلبووسی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "کۆمیسیۆن ناخوازێت بکەوێتە نێو ئەم بابەتە و سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناوەکە ئاشکرا دەکات."
هەر لەوبارەوە سەفەوان گەرگەری، ئەمینداری پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە 21-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "عیسا عیساوی جێگەی محەممەد حەلبووسی دەگرێتەوە."
رۆژی 21-11-2023 سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بە واژۆی موحسین مەندەلاوی کە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراقی تایبەت بە دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە. لە نووسراوەکەدا کە رێککەوتی 20-11-2023 لەسەرە، هاتووە، "پاڵپشت بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی، لە 14-11-2023ـەوە کۆتایی بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق هاتووە."
رۆژی 20-11-2023، پەرلەمانی عێراق نووسراوی فەرمی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد لەبارەی شوێنگرەوەی محەممەد حەلبووسی.
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، کە هاوکات سەرۆکى پارتى تەقەدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە.
بەپێی یاسای هەڵبژاردن، جێگرەوەی محەممەد حەلبووسی ئەو کەسە دەبێت لەنێو سەرنەکەوتووەکانی بازنەی محەممەد حەلبووسی زۆرترین دەنگی هێناوە. عیسا عیساوی ئەندامی هاوپەیمانیی عەزمە کە سەر بە هاوپەیمانیی سەروەرییە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە 10ـی تشرینی یەکەمی2021، بەڕێوەچوو، بازنەی 1ـی پارێزگای ئەنبار چوار کورسی بوو کە سەرجەمیان بۆ هاوپەیمانیی تەقەدووم بوون بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی.
لە بازنەکەدا حەلبووسی زۆرترین دەنگی هێنا کە 35 هەزار و 774 دەنگ بوو؛ دووەم، مستەفا ئەحمەد جومەیلی 10 هەزار و 538 دەنگ؛ سێیەم، یەحیا غازی هەشت هەزار و هەشت دەنگ؛ چوارەم، سەمیعە محەممەد خەلیفە محەممەدی شەش هەزار و 573 دەنگ.
ئەو سەرنەکەوتووانەی کە زۆرترین دەنگی ئەو بازنەیان هێنا بریتیین لە عیسا عیساوی بە چوار هەزار 728 دەنگ؛ ئەریج حوسێن جومەیلی لە هاوپەیمانیی عەزم بە چوار هەزار و 108 دەنگ؛ سەلمان عەلی حەسەن جومەیلی لە هاوپەیمانیی عەزم بە چوار هەزار و 22 دەنگ.
عیسا سایر عەبدوڵڵا عیساوی لە 1967 لە ئەنبار لە دایکبووە؛ بەربژێری پارتی وەفا بوو لەنێو هاوپەیمانیی عەزم.