کۆمیسیۆن: 872 تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردن دراون و لە 17 رۆژدا یەکلایی دەکرێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، 872 تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردن دراون و لە 17 رۆژدا یەکلایی دەکرێنەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 21-11-2025 جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 872 تانە لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دراون و دەرگەی تانەلێدان داخراوە.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، "لە رۆژی یەکشەممەوە کۆمیسیۆن لە حەوت رۆژدا وەڵامی خۆی بۆ سەرجەم تانەکان ئامادە دەکات و رەوانەی دەستەی دادوەرانی دەکات."
 
جومانە غەلای گوتیشی، "دەستەی دادوەری لە 10 رۆژدا بڕیاری کۆتایی لەسەر تانەکان و وەڵامەکانی کۆمیسیۆن دەدات."
 
ئەم هەنگاوە قۆناخی پێش پەسندکردنی کۆتایی ئەنجامی هەڵبژاردنی 11ی تشرینی یەکەمی پەرلەمانی عێراقە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، "71 سکاڵای زەردمان لەبارەی هەڵبژاردنەوە پێگەیشتووە و لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویستەوە رەتکراونەتەوە، 32 سکاڵای سەوزیش پێشکێش کراون و هەندێکیان رەتکراونەتەوە و هەندێکى دیکەشیان لێکۆڵینەوە لێیان بەردەوامە."
 
سکاڵای زەرد ئەوەیە کە لەکاتی پێشکێشکردنی بەڵگەی لەگەڵ نییە و رەتدەکرێتەوە. سکاڵای سەوز ئەوەیە کە پەیوەندیدارە بە پێشێلکاری فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن یان هێزی ئەمنی یان بانگەشەکردن لەو ماوەیەی بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگیرێ، سکاڵای سوور ئەو جۆرەیە کە ئەگەر سەلمێنرا، کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت.