گوتەبێژی دەوڵەتی یاسا بۆ رووداو: بەربژێرمان بۆ سەرۆکوەزیران پێشکێش کرد

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، بەربژێری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق پێشکێش بە لیژنەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە.
 
عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەربژێری خۆمان پێشکێش بە لیژنەی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو کردووە و پرسەکە لە لیژنەکە لە قۆناخی تاوتوێکردندایە."
 
لیستی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە هەڵبژاردنی 11 تشرینی دووەمى خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق  29ى کورسی بەدەستهێنا، کە دووەم لیستی نێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکانە لە رووی بەدەستهێنانی کورسی، دوای لیستی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات و 46 کورسی هەیە.
 
بەها ئەعرەجی، بەربژێری سەرکەوتوو لە لیستی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، بیستوویانە کە نووری مالیکی، یەکێکە لە بەربژێرەکان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام عەقیل فەتلاوی رەتیکردەوە ناوی ئەو بەربژێرە، ئاشکرا بکات کە پێشکەشی لیژنەکەی چوارچێوەیان کردووە.
 
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی وەک خاوەنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان، دوو لیژنەی پێکهێناوە بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران و دانوستان لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، ماوەیەکی زۆریان لەبەردەمدا نییە بۆ ئەوەی پرسی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران یەکلا بکرێتەوە، بە تایبەت قۆناخی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، کە پێش هەنگاوی راسپاردنی کاندیدی نوێیە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
 
پێنجشەممە 20ى تشرینی دووەمى 2025، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەرگای وەرگرتنی تانەی پارت و هاوپەیمانی و بەربژێرەکان لەبارەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن داخست کە گەیشتە زیاتر لە 800 تانە.
 
 بڕیارە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن تانەکان یەکلا بکاتەوە، بەر لەوەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە پەسەند بکرێت، بۆ ئەوەی رێکارە دەستوورییەکانی دیکەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت دەستپێبکەن.