دادگەی فیدراڵی عێراق تاوتوێی سێ سکاڵا لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

هەفتەی داهاتوو دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سێ سکاڵا دەکات کە تایبەتن بە هەڵبژاردن. دووانیان لەلایەن دوو بەربژێری دوورخراوەوە تۆمارکراون، سێیەمیان لەلایەن 13 کەسەوە کە داوا دەکەن کۆمیسیۆن ناچار بکرێت بە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک.
 
یەکێک لە سکاڵاکان لە 25ی تشرینی یەکەم تاوتوێ دەکرێت، کە 13 هاووڵاتیی کەرکووک پێشکێشیان کردووە و سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سکاڵای لێکراوە. 
 
سکاڵاکاران داوا دەکەن کۆمیسیۆن ناچار بکرێت بە تەواوکردنی وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە، بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە کاتێکدا وادەی دانیشتنەکە دوای دوو هەفتەیە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
 
ئەو کەسانەی سکاڵایان تۆمارکردووە داوا دەکەن بڕیارێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەبارەی تۆماری دەنگدانەوە هەڵبوەشێنرێتەوە، کە تایبەتە بە پشتبەستن بە تۆماری دەنگدەرانی کۆمیسیۆن و بۆ دەنگدان پشت بە کارتی نیشتمانى ببەسترێت لەبری کارتی بایۆمەتریی دەنگدان، تاوەکو ئەو کاتەی وردبینیی تۆماری دەنگدەران یەکلا دەبێتەوە.
 
22ی تشرینی یەکەمی 2025 ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دا لە کەرکووک کار بەو تۆمارەی دەنگدان بکرێت کە کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن ئامادەی کردووە و پرۆسەی وردبینی بۆ تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە بەردەوام دەبێت، کە پێشتر لە یاسای هەڵبژاردندا هاتووە بەوەی پشت بە تۆماری ساڵی 1957 ببەسترێت.
 
ئەو راسپاردانە لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشەوە دەرکراوە، کە لە نێوان نوێنەرانی پێکهاتەی شارەکە، کۆمیسیۆن و نوێنەرانی چەند وەزارەتێکی حکومەتی فیدراڵی پێکهێنراوە.
 
پێشتر لە 23ی تشرینی یەکەمی 2021 شاخەوان عەبدوڵڵا، کە وەک نوێنەری کەرکووک ئەندامی ئەو لیژنەیە بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارە لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە بەگوێرەی بڕیارێکی دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەنجامدانی ئەو وردبینییە ئەستەم دەبێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بۆیە راسپاردەکە ئەوە بوو پرۆسەی وردبینی لەو تۆمارە بەردەوام بێت کە پشت بە تۆماری ساڵی 1957ی کەرکووک دەبەستێت بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و بۆ ئەم هەڵبژاردنەش پشت بەو تۆمارە دەبەسترێت، کە کۆمیسیۆن نوێی کردووەتەوە."
 
بەگوێرەی مادەی 13ی هەموارکراوی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، وردبینیی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک لەسەر بنەمای ئەو هاووڵاتییانە دەبێت کە لە سەرژمێریی 1957 تۆمار کراون، جگە لە هەردوو ناحیەی زاب و سەرگەڕان، هەروەها ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە و وردبینیی لیژنەی مادەی 140یان تێپەڕاندووە لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانەی بەر لە ساڵی 2003 دانیشتووی کەرکووک بوون و دەبێت ئەوە لەرێگەی کۆبۆنی خۆراکەوە بسەلمێنرێت.
 
رۆژی 25ی تشرینی دووەم دادگە تاوتوێی سکاڵایەکی خالید مەفرەجی، بەربژێری پێشوو لە لیستی هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک بە سەرۆکایەتیی راکان جبووری دەکات، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی عەرەبی سوننە لە کەرکووک و داوای کردووە بگەڕێنرێتەوە ناو لیستەکەی، لەکاتێکدا وادەی تاوتوێکردنی سکاڵاکە دوای دوو هەفتەیە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
 
خالید مەفرەجی رۆژی 08-10-2021 بە بڕیاری کۆمیسیۆن مافی بەربژێربوونی لێ سەنرایەوە و لە هەڵبژاردن دوورخرایەوە.
 
سکاڵای سێیەم لە 24ی تشرینی دووەم تاوتوێ دەکرێت کە لەلایەن بەیدا خزر، بڕیاردەری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و بەربژێری پێشووی لیستی 'ئەساس' پێشکەش کرابوو، داوا لە دادگە دەکات فەرمانسالارییەک دەربکرێت بۆ ئەوەی ریزبەندیی 28ی لیستەکەی بۆ هەڵبژاردن بەکاربهێنێت و بە مافی خۆی دەزانێت.
 
بەیدا خزر پێشتر لەسەر لیستی بزووتنەوەی بابلیۆن بووە ئەندامی پەرلەمانى عێراق، بەربژێربوونی لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەوە لە 16ی تشرینی یەکەم هەڵوەشێنراوەتەوە.