فراکسیۆنی پارتی: هەڵبژاردنی پێشوەختە هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت
رووداو - هەولێر
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، پارتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، بەڵام ئەو دۆخەی ئێستا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت گونجاو نییە و هیچیش لە دۆخەکە ناگۆڕێت.
ئارام ناجی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "عێراق هەر تەنیا لە شیعە پێکنەهاتووە بۆئەوەی تاکلایەنە بڕیار لە هەڵبژاردنی پێشوەخت بدات، بەڵکو کورد، سوننە و پێکهاتەی دیکەش هەن و دەبێت بۆچوونی ئەوانیش وەربگیرێت، ئەوکاتە بڕیار لە هەڵبژاردنی پێشوەخت بدرێت".
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، زۆربەی لایەنە شیعییەکانیش لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت نین و جەخت لەوە دەکەنەوە لەم دۆخە بارگاوییەدا ناکرێت هەڵبژاردن بکرێت.
ئارام ناجی لەبارەی لایەنە کوردستانییەکانەوە دەڵێت "لایەنە کوردستانییەکان، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەخت نین، چونکە یەکەم، دۆخی ئێستای عێراق بۆ هەڵبژاردن گونجاو نییە و دووەم، هەڵبژاردنیش هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، تەنیا لەوانەیە هەندێک لایەن دوو کورسی زیاد یان کەمبکەن".
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد "وەک پارتی هیچ ترسێکمان لە هەڵبژاردن نییە و ئامادەین. متمانەی تەواومان بە خۆمان و بە دەنگدەرانی پارتی هەیە، بەڵام ئەو دۆخەی ئێستای عێراق بۆ هەڵبژاردن گونجاو نییە".