هاوپەیمانیی عەزم: موسەننا سامەڕایی بەربژێری فەرمیی ئێمەیە بۆ سەرۆکی پەرلەمان
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم دەڵێ، هاوپەیمانییەکەیان بە فەرمی موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردووە.
دەشڵێت: "ئێمە لە عەزم باوەڕمان بە هاوبەشی هەیە و بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستەکەش پشت بە دەنگی کورد و شیعە دەبەستین." ئاماژە بەوەش دەکات "یەکشەممە ئەنجوومەنی سیاسیی سوننەکان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-12-2025، عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، بڕیارە رۆژی یەکشەممە لە ماڵی سابت عەباسی، وەزیری بەرگری کۆبوونەوەیەکی یەکلاییکەرەوە بۆ تاوتوێکردنی ناوی بەربژێرانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکەن.
حەمدانی گوتی: "لەنێو هاوپەیمانیی عەزم بەربژێری فەرمیمان بەڕێز موسەننا سامەڕاییە، لەوانەشە حیزبی تەقەدووم بەڕێز محەممەد حەلبووسی بەربژێر بکاتەوە. ئێمە هەوڵ دەدەین لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەر یەک بەربژێر رێکبکەوین و بە یەک ناو بچینە پەرلەمان. ئەگەر نەگەیشتینە رێککەوتنیش، بە دوو بەربژێر دەچینە هۆڵی پەرلەمان و دەنگدان یەکلایی دەکاتەوە".
سەبارەت بە جیاوازییەکانی نێوان بەربژێرەکەی خۆیان و محەممەد حەلبووسی، گوتەبێژەکەی عەزم گوتی: "موسەننا سامەڕایی بەربژێرێکی نیشتمانییە و بەرهەمی ویستی دەرەکی نییە، کەسایەتییەکی ئارامە و رێز لە تایبەتمەندیی هەموو پێکهاتەکان دەگرێ، چ کورد بێت یان شیعە".
حەمدانی پەیامێکی ئاراستەی هێزە کوردستانییەکان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد: "متمانەی زۆرمان بە هاوبەشەکانمان هەیە لە ماڵی کوردی و لە ماڵی شیعەش، چونکە بەدەستهێنانی نیوە کۆ یەک (50+1) بەبێ دەنگی کورد و شیعە ناکرێ، بۆیە ئێوە بڕیار دەدەن کێ دەبێتە سەرۆک".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی عەزم رەخنەی لە سیاسەتی حیزبی تەقەدووم گرت و گوتی: "جیاوازیی ئێمە لەگەڵ تەقەدووم ئەوەیە کە ئێمە پەیڕەوی رێبازی هاوبەشی دەکەین، بەڵام ئەوان رێبازی 'بەکەسیکردن' دەکەن. عێراق و دۆخەکە پێویستی بە کەسێکی ئارام و دەوڵەتمەدارە نەک کەسێک هانی گوتاری تایفەگەری یان نەتەوەیی بدات".