راوێژکارێکی سوودانی: لەسەر رێگەی گەشەپێدان لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکنەکەوتووین

 
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، گفتوگۆی هەولێر و بەغدا لەبارەی رێگەی گەشەپێدان بەردەوامە و هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.  
 
رێگەی گەشەپێدان 1187 کیلۆمەتر دەبێت کە لە بەندەری فاو لە بەسرە دەستپێدەکات تاوەکو دەچێتە سنووری باکووری کوردستان و تورکیا.
 
ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە و رێگەی گەشەپێدان، ئەمڕۆ یەکشەممە 21-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی رێگەی گەشەپێدان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، بەڵام "پشتیوان بە خودا لە کۆتاییدا دەگەینە رێککەوتن و گەشبینین".
 
بەگوێرەی ئەو نەخشەیەی پڕۆژەکە کە ساڵی 2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پەسندی کردووە و دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، تەنیا 12 کیلۆمەتری ئەو رێگەیە بە سنووری هەرێمی کوردستان تێپەڕدەبێت لە سنووری پێشابوور لە ئیدارەی زاخۆی پارێزگای دهۆک، واتە بەگوێرەى نەخشەى ئێستا، کەمتر لە 1%ی رێگەکە بە خاکی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێ.
 
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراقی ئاماژەی بەوەکرد، دیزاینی هێڵی ئاسنینی رێگەکە و رێگەی خێرای وشکایی تەواوبووە و تەنیا پەسندکردنی کۆتایی ماوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، دوای پەسندکردنی پرۆژەکە قۆناخی تەندەر دەستپێدەکات. 
 
لە نەخشەکەدا دەرکەوتووە 317 کیلۆمەتری رێگەی گەشەپێدان بە پارێزگای نەینەوادا دەڕوات.
 
بەگوتەی ناسر ئەسەدی، تاوەکو ئێستا چەند کۆمپانیای نێودەوڵەتی داواکارییان پێشکێش کردووە، لەوانە کۆمپانیای ئەمریکی، ئەورووپی، تورکی، قەتەری و ئیماراتی، سعودی و عومانی. بەگوتەی ئەسەدی، راوێژکاری پڕۆژەکە ئەمریکییە.
 
تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە و حکومەتی عێراق دەیەوێ هاوتەریب لەگەڵ هێڵەکە، بۆریی گواستنەوەی وزەی هەبێت و ساڵی 2050 تەواو دەبێت. پێشبینی دەکرێ ساڵانە داهاتەکەی بگاتە 4 ملیار دۆلار.