گوتەبێژی سوودانی: هیچ پەیامێکمان بەدەستنەگەیشتووە باس لە هێرشکردنە سەر عێراق بکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رەتیدەکاتەوە، هیچ پەیام و ئاگادارکردنەوەیەکیان بەدەستگەیشتبێت کە باس لە هێرشکردنە سەر عێراق بکات.
سەباح نوعمان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "حکومەتی عێراقی بە فەرمی هیچ پەیام و ئاگادارکردنەوەیەکی بەدەست نەگەیشتووە تێیدا هۆشداری درابێت لەوەی هێرشی سەربازی دەکرێتە سەر چەند شوێنێکی عێراق".
دوێنێ میدیای عەرەبی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە ئاماژەی بەوە دابوو "له دوو هەفتەی رابردوودا حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكان دوو پەیامی هۆشداریی نائاساییان له دەوڵەتێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگری رۆژئاواییەوه بەدەست گەیشت كە زانیاریی جیدییان لەخۆگرتبوو سەبارەت بە نزیکبوونەوەی وەشاندنی گورزی سەربازیی فراوان لە عێراق."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتی: "ئەو هەواڵانەی لەوبارەوە لێرە و لەوێ باسیان لێوە دەکرێ دوورن لەڕاستییەوە؛ دەکرێ بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی هەواڵی ئەو شوێنانە بکرێ".
لای خۆیەوە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە باس لەوە دەکەن بەغدا دوو نامەی ئاگادارکردنەوەی لە وڵاتێکی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواییەوە لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا پێگەیشتووە.
دەزگاکە لە راگەیێندراوێکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، رایگەیاند: "رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە رێکەوتی 20ی کانوونی یەکەمی 2025 راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەی کرد حکومەتی عێراق دوو نامەی ئاگادارکردنەوەی لە وڵاتێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواییەوە لەبارەی نزیکبوونەوەی هێرشی سەربازی بۆ سەر عێراق بەدەست گەیشتووە."