لە روومادی بە مەرج خانوو بۆ خێزانە گەڕاوەکانی نێو داعش دروستدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری روومادی لەگەڵ گەڕانەوەی هەر ماڵباتێکی داعش خانوویان بۆ دروستدەکرێت و بە مەرجێک رێگەیان پێدەدرێ بگەڕێنەوە کە حاشا لەو ئەندامەی خێزانەکە بکرێت کە لەنێو چەکدارانی داعش بووە.
 
لە شاری روومادی گەڕەکێک تەرخانکراوە بۆ ئەو ماڵباتانە تاوەکو لێی نیشتەجێبن، چاودێریی تووندی ئەمنییان لەسەرە، وەقفی سوننەی ئەنبار سەرپەرشتیی ئاشتبوونەوەی کۆمەڵایەتیی لەنێوان ئەو خێزانانە و دانیشتووانی روومادی دەکات، تاوەکو ئێستاش 200خێزانی کەسوکاری داعش گەڕاونەتەوە ئەو شارە.
 
بەشێک لە خەڵکی ئەنبار بە رووخاندنی خانووی ماڵباتی ئەو داعشانە تۆڵەی خۆیان کردووتەوە و بەشێکی دیکەشیان لێیان خۆش بوون. لە پارێزگای ئەنبار 12 هەزار خێزان هەریەکە و کەسێکیان چووبوونە ریزەکانی داعش ، لەرێگەی ئاشتبوونەوەی کۆمەڵایەتی، رێگە بە گەڕاونەوەی 200 خێزان بۆ روومادی دراوە و داوا دەکرێ لێبوردنی گشتیی بۆ ئەوانی دیکەش دەرچێت و لاپەڕەیەکی نوێ  هەڵبدرێتەوە.
 
مونتەزەر حیکمەت دانیشتووی شاری روومادی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو باوکە یان ئەو دایکەی بەتەنیا ماوەتەوە و ئاوارەی ئێرە و ئەوێیە و حاشایان لە کوڕەکەیان کردووە گوناحی چییە؟ بۆیە داوا لە پارێزگار و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان دەکەین ئاگایان لەو بێ دەسەڵاتانە بێ کە ئێستا گەڕاونەتەوە و حاشایان لە کوڕەکانیان کردووە".
 
کازم حەمزە، دانیشتوویەکی گەڕەکی تەئمیم دەڵێت "داعش خەڵکێکی زۆری بەرەو خۆی راکێشا، بۆ نموونە خێزانێک بە کەسوکارەوە رۆیشتن و کوژران، خێزانیش هەیە ئاوارەی ناوچەکان بوونە و گوناحیان نییە، بۆیە داوای هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ دەکەین و دەمانەوێ دۆخەکە جێگیربێت، وەک دەبینن ئاوەدانکردنەوە هەیە و روخساری پارێزگاکە گۆڕاوە و دەمانەوێ لێخۆشبوون هەبێ".
 
کەسوکاری ئەو داعشانەی دەگەڕێنەوە روومادی، دەبێ حاشا لە کوڕەکانیان بکەن و لە دەرەوەی شار نیشتەجێ ببن، وەقفی سوننەی ئەنبار، سەرپەرشتیی ئەو ئاشتبوونەوەیە دەکات و لەگەڵ گەڕاندنەوەی هەر ماڵباتێکی داعش  لەسەر ئەرکی حکومەت خانوویان بۆ دروست دەکات.
 
عەبدوڵڵا جەلال سەرۆکی وەقفی سوننە لە ئەنبار گوتی "ئەو خێزانانە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ لیژنەیەک کە بۆ ئەو مەبەستە دروستکراوە لە شوێنی دیاریکراو دادەنرێن و ئێستا کاری لەسەر دەکرێ بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ ئەو ناوچانە تا کێشە دروست نەبێ لە نێوان کەسوکاری بکوژ و کەسوکاری کوژراو".
 
ئەو گەڕەکەی ماڵباتی داعشەکانی تێدا دەژی بێ خزمەتگوزارییە ، تێکەڵبوونیان لەگەڵ خەڵکی روومادی نییە ، زۆرترین چاوی هێزە ئەمنییەکانیان لەسەرە و لە دام و دەزگاکانیش دانامەزرێندرێن. 
 
پارێزگای ئەنبار دوو ساڵ زیاتر لە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی داعش بوو ، لەو ماوەیەدا نزیکەی 10 هەزار فەرمانگە خانوو و دووکان رووخێندران و رێژەی وێرانکاریی 80%ـی تێپەڕاند، تاوەکو لە نۆی کانوونی یەکەمی/ ساڵی 2017 ـەوە هێزە عێراقییەکان کۆنترۆڵیان کردەوە.