سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە عێراقە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە عێراقە و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی دەستپێکردووە. لەگەڵ سەرۆککۆمار باسی لە پرسی ئەمنی و ئاو و پارێزگای سلێمانی کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 22-01-2024، د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار لە کۆشکی بەغدا لەگەڵ ئیبراهیم کالن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و شاندی یاوەری کۆبووەتەوە و باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی پەرەپێدانیان کردووە.
 
 سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکان، وەک لە راگەیێندراوی سەرۆککۆماردا هاتووە، "سەرۆککۆمار جەختی لە بایەخی هاوئاهەنگی و و راوێژ کردەوە بە تایبەت لە بواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە بهێنێتە ئاراوە."
 
د. لەتیف رەشید ئاماژەی بەو بابەتە هاوبەشانە کرد، کە هەردوو وڵات لە بوارەکانی مێژوویی، ئابووری، بازرگانی و کولتووریدا بەیەکەوە گرێدەدەن و "جەختی لە گرنگی گرتنەبەری دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی پرس و بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، کە هەردوولا خاوەنی سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی گەورەن و پێویستە وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت بۆ ئەوەی گەشەپێدانی هەمەلایەنە و خۆشگوزەرانی بەدەستبهێنرێت".
 
سەبارەت به پرسی ئاو، سەرۆککۆمار باسی لە پێویستی رێککەوتنی نێوان هەردوولا کردووە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لەبری ئەو بەردانەوە پچڕپچڕەی، که لەلایەن تورکیاوە لە کاتە جیاوازەکاندا دەکرێن. هیوای خۆی بۆ کاری پێکەوەیی و لێکتێگەیشتنی هاوبەش پیشاندا، سەبارەت بە پێویستی راستەقینەی عێراق و تورکیا بۆ ئاو لەپێناو دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان، هەروەک بۆ زانینی سروشتی ئەو پڕۆژانەی لەسەر هەردوو رووباری دیجلە و فورات دروستدەکرێن.
 
سەرۆک کۆمار باسی لەو دۆخە کرد، کە عێراق پێیدا تێپەڕیوە لەوانە جەنگ و گەمارۆ و تیرۆر و ئەو قوربانیدانانەی لەپێناو "عیراقێکی دیموکراسیدا" دراون. جەختی لەوەشکردەوە، کە حکومەت کاری لەپێشینەی خۆی دیاریکردووە بۆ درێژەدان بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری سەرەڕای هەندێک پێشێلکاری ناوخۆیی و دەرەکی.
 
هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار "تیشکی خستەسەر ئەو پێشێلکاریانەی دەرهەق بە پارێزگای سلێمانی و شارەکانی دیکە دەکرێن و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو پێشێلکاریانەی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات روونکردەوە، کە ئەو دۆخە پێویستی بە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە هەیە لەچوارچێوەی بنەماکانی رێزگرتن لە سەروەریی وڵات و ئاسایشی هاووڵاتیانی".
 
رۆژی 23-12-2023 تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بۆ شەش مانگی دیکە درێژکردەوە، هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بۆ شەش مانگی دیکە و تاوەکو 22ـی 6ـی 2024 درێژکردەوە.
 
بڕیارەکە تەنیا راگرتنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا و پێچەوانەکەی نییە، بەڵکو هیچ فڕۆکەیەک ناتوانێت لە سلێمانییەوە بە ئاسمانی تورکیادا بۆ وڵاتانی دیکەش یان بەپێچەوانەکەی تێپەڕێت و قەدەخەکراوە.
 
هەروەها کاژێر 04:05ـی ئێوارەی رۆژی دووشەممە 18-09-2023، تورکیا بە درۆن هێرشیکردە سەر هۆڵێکی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت، کە بە گوتەی بەرپرسانی یەكێتی، هێزێکی سەر بە دژەتیرۆر لەوێ خەریکی مەشق و راهێنان بوون. دژەتیرۆری گشتیی کوردستان (CTG) لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، لە ئەنجامدا ''سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون" و سێ ئەندامی دیکەیان بریندار بوون. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق و خواستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هاریکاری بەتایبەتی لە بوارەکانی ئەمنی و بەرەنگاربونەوەی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، کە ئەردۆغان دەیەوێت سەردانی عیراق بکات، بەڵام سەردانەکەی بەهۆی دۆخی غەززەوە دواخراوە.
 
ئیبراهیم کالن ئاماژەی بەوەشداوە، کە وڵاتەکەی کاردەکات بۆ پەرەپێدانی ئەو پڕۆژانەی پێشتر لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزا کرابوون بەتایبەتی لە بواری گواستنەوەدا، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر ئەوەی عێراق پشکی ئاوی خۆی بەدەستبهێنێت، هەروەها لیژنەی هاوبەش هەیە لەسەر ئەم پرسە و هیوادارن پێکەوە کار بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیەیە.