سوودانی: پابەند دەبین بە پاراستنی شوێنی مانەوەی راوێژکارانی بیانی

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە وەزیری دەرەوەی بەریتانیای راگەیاند، حکومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی ئەو نێردە و باڵوێزخانە بیانییانەی کە لە عێراق کاردەکەن، لەگەڵ پاراستنی شوێنی مانەوەی راوێژکارە بیانییەکان.
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 22-01-2024، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کرد و تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بارودۆخی ناوچەکەیان کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سودانی باسی لە هەڵوێستی عێراق کرد سەبارەت بە بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ژێر رۆشنایی پەرەسەندنی هێزە عێراقییەکان و تێکشکاندنی تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری. 
 
نووسینگەکەی دەڵێت سوودانی بە وەزیرە بەریتانییەکەی راگەیاندووە: "حکومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی ئەو  نێردە و باڵوێزخانە بیانیانەی کە لە عێراق کاردەکەن، لەگەڵ پاراستنی شوێنی مانەوەی راوێژکارە بیانییەکان".
 
وەزیر کامیرۆن پاڵپشتی بەریتانیای بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەربڕی لەگەڵ پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانەی کە دراون بۆ رێگەگرتن لە فراوانبوونی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەختی لە بەردەوامی هەوڵەکانی وڵاتەکەی کردەوە بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ گەلی فەڵەستین.
 
رۆژی 18-01-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە داڤۆس رایگەیاند، "پاساوی بوونی هێزی بیانی لە عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بوو، ئەمڕۆ دۆخی ئەمنی بە گەواهیدانی هەموو پسپۆران لە عێراق و دۆستان، داعش هەڕەشە نییە بۆ سەر دەوڵەتی عێراقی، ئەوەی ئێستا هەیە کە گرووپ و کەسانی هەڵاتوون و خۆیان لە چیا و ئەشکەوت و بیابانەکان شاردووەتەوە و هێزە ئەمنییەکان بەدواوەوەیانن و سزایان دەدەن، ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان و توانا و لێهاتووی روونیان بە هەموو پێکهاتە و جۆرە هێزەکانی ئەو هێزە، فاکتەری ئارامی و سەقامگیری و گەرەنتی دۆخی عێراقە. ".
 
هەروەها گوتی "لە ژێر رۆشنایی ئەم پێشهاتانە، دەستمان بە جێبەجێکردنی پابەندبووندنی حکومەت کردووە کە بە پەرلەمان-مان داوە، کاتێک پەرلەمان دەنگی لەسەر کابینە و بەرنامەی وەزاریی داوە، پابەندبوونەکە بریتییە لەوەی دیالۆگ لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکەین بۆ رێکخستنی کۆتاییهێنانی ئەرکی هاوپەیمانان، ئەوەش تەوەری سەردانی شاندی عێراقی بوو بە سەرۆکایەتیی وەزیری بەرگریی عێراق لە ئابی 2023دا بۆ واشتن، کە تێیدا رێککەوتن کرا بۆ دروستکردنی لیژنەیەکی دوو قۆڵی بۆ گفتوگۆ و رێکخستنی کشانەوەی راوێژکارانی نێودەوڵەتی، بەڵام رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر کۆبوونەوەکانی راگرت کە پێویست بوو دەستی پێبکرێت". 
 
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتیشی: "ئەمڕۆ دوای لێکەوتەکان و هێرشەکان کە دەرهەق بە بارەگا ئەمنییەکانی عێراق، ئێمە ئێستا لەبەردەم شایستەیەکین کە بریتیە لەوەی دەستبەجێ دەست بەم دیالۆگە بکرێت بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە دانانی کاتی کۆتایی هێنانی ئەرکی راوێژکارانی نێودەوڵەتی، بچینە پەیوەندیی دوو قۆڵی لە هەموو بوارەکان، هاوشێوەی تەواوی وڵاتان لە ناوچەکە و جیهاندا."