عێراق پشکی سووتەمەنیی فەرمانگەکان و وەزارەتە ئەمنییەکان بۆ نیوە کەمدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق دەستی بە جێبەجێکردنی بڕیاری کەمکردنەوەی پشکی سووتەمەنی بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی دەوڵەت بە رێژەی 50% کرد؛ بڕیارەکە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریش دەگرێتەوە و ئەو سووتەمەنییەی دەگەڕێتەوە، هەناردە دەکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، عەبدولساحێب بەزون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاوشان لەگەڵ بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکومەت، وەزارەت بڕیاری دا پشکی سووتەمەنیی دابینکراو بۆ فەرمانگەکانی دەوڵەت کەمبکاتەوە."
 
بە گوتەی عەبدولساحێب بەزون، کەمکردنەوەکە نەوت، گازوایل و بەنزین بە هەموو جۆرەکانییەوە دەگرێتەوە و لە چوارچێوەی "رێکارەکانی بەکارهێنانی ژیرانە و رێکخستنی دابینکردنی سووتەمەنییە بۆ دامەزراوە حکومییەکان."
 
بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدابوو پشکی سووتەمەنیی تەرخانکراو بۆ سەرجەم وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان 50% کەمبکرێتەوە. تەنیا پشکی سووتەمەنیی مۆلیدەی ئەو لایەنانە بۆ ماوەی شەش مانگ لە بڕیارەکە بەدەر دەکرێن، بە مەرجێک لەو ماوەیەدا وزەی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبا بەکاربهێنن.
 
لەبارەی دیاریکردنی پشکی عێراق لەلایەن رێکخراوی ئۆپیک پڵەسەوە، گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەکرد، لە پێنج رۆژی داهاتوودا بڕەکە رادەگەیێنن.
 
عێراق لەدوای سعودیە، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپیک؛ رۆژانە نزیکەی 4.4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لەو بڕەش نزیکەی 3.3 ملیۆنی هەناردە دەکات. 70%ـی نەوتی عێراقیش لە پارێزگای بەسرەیە.