چوارچێوەی هاوئاهەنگی: دەبێت بەهۆی دۆخی سووریاوە هەوڵە ئەمنییەکان چڕتر بکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوە و تاوتوێی دۆخی ئەمنی و ئامادەیی هێزەکانیان کرد؛ 'جەخت لەوە کرایەوە کە بەهۆی رووداوە خێراکانی سووریاوە دەبێت رێوشوێنەکان تووندتر بکرێن.'
نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سوودانی میوانداریی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە، کە تێیدا سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئامادەبوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا دۆسیەی ئەمنی و ئاستی ئامادەیی هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان بە تاوتوێ کراوە، "ئەمەش وەک تەواوکەری ئەو هەوڵانەی کە دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا دەستیپێکردووە."
لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گفتوگۆیان لەبارەی پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کردووە، بەتایبەتی ئەو "رووداوە خێرایانەی" لە سووریا روودەدەن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سوودانی و سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەختیان لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە ئەمنییەکان کردەوە، بە ئامانجی "مسۆگەرکردنی بەردەوامیی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی وڵات بەخۆیەوە دەبینێت."