عێراق ئاوى زیرەک بۆ رێگرى لە دزینى شوێنەوارەکانی بەکاردەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
زانکۆى ریدینگى بەریتانى بۆ یەکەمجار تەکنەلۆژیاى ئاوى زیرەک دەداتە مۆزەخانەکانى عێراق، بۆ رێگرى لە دزینى شوێنەوارەکانی و دیاریکردنى شوێنەکانیان، ئەگەر دزران.
رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمیی حکومەتی عێراق لە ژمارەى ئەمڕۆیدا 22-02-2022 بڵاوی کردووەتەوە کە یەکەمجار ئەو تەکنەلۆژیایە لە بەڕێوەبەرایەتیى مۆزەخانەى ناسریە (344 کیلۆمەتر لە باشوورى بەغدا) بەکاردەهێندرێت.
ئەو تەکنەلۆژیایە بریتییە لە گیراوەیەکى کیمیایی کە لە پارچە شوێنەوارەکان دەدرێت، بەبێ ئەوەى کاریگەریى نەرێنییان لەسەر بکات، ئەگەر ئەو پارچانە بدزرێن دەتوانرێت لەو رێگەیەوە بدۆزرێنەوە.
عەبدولحەسەن منجەل، بەڕێوەبەرى شوێنەوارى ناسریە بە رۆژنامەکەى گوتووە: "پاش ئەوەى کارمەندانمان لەسەر بەکارهێنانى ئەو تەکنەلۆژیایە راهێنانیان پێدەکرێت پەنا بۆ بەکارهێنانی دەبەین".
بە گوتەى بەڕێوەبەرى شوێنەوارى ناسریە، هەر پارچە شوێنەراوێک ژمایەکى تایبەتى دەبێت، کە لە پاش دزینى دەناسرێتەوە.
لەدوای رووخانى رژێمى پێشووى عێراق لەساڵى 2003، هەزاران پارچە شوێنەوار لە مۆزەخانەکانى عێراق دزراون و براونەتە دەرەوەی وڵات.
ساڵى رابردوو زۆرترین ژمارەى پارچە شوێنەوار عێراق لە ئەمریکاوە گەڕێندرانەوە، کە 17 پارچە شوێنەوار بوون. هەروەها لە مانگەدا زیاتر لە 300 پارچە شوێنەوار لە لوبنان گەڕێندرانەوە عێراق.