لە بەغدا دوو کچ بەتۆمەتى بەقاچاخبردن و رفاندنی مرۆڤ دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی عێراق دوو کچیان لە بەغدا دەستگیرکرد، یەکێکیان بە تۆمەتی رفاندن و ئەوی دیکەشیان بەتۆمەتى بەقاچاخبردنی خەڵک بۆ دەرەوەى وڵات.
شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق ئەمڕۆ (چوارشەممە، 22ـی شوباتى 2023) لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، هێزەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتیی هەواڵگرى و ئاسایشى سەر بە وەزارەتى بەرگریى عێراق، لە ناوچەى کەڕادەى بەغداى پایتەخت، کچێکیان دەستگیرکرد، کە تۆمەتبارە بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بەقاچاخبردنیان بۆ دەرەوەى وڵات.
ئەو کچە بەگوێرەى ماددەى 234 لە یاسای سزادانى عێراق، لەلایەن دادگەى رەسافەوە فەرمانى دەستگیرکردنی بۆ دەرکرابوو.
بەگوێرەى یاساى بنبڕکردنى بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کە ساڵى 2012 دەرچووە، سزاى بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەگاتە بەندکردنى تاهەتایی و پێبژاردن بە بڕى 25 ملیۆن دینار.
شانەى راگەیاندنى ئەمنى ئاماژەى بەوەشداوە، لە ئۆپەراسیۆنێکى دیکەدا لە قەزاى تاجى سەر بە بەغدا، کچێکى دیکەیان دەستگیرکردووە، کە لەلایەن دادگەوە بەتۆمەتى چەند دۆسێیەکى رفاندن لەو قەزایە، بەگوێرەى مادەى 421ـی یاساى سزادانى عێراق، داواکرابوو.
مادەى 421ـی یاساى سزادانى عێراقى، تایبەتە بە تاوانى بەندکردن و دەستبەسەرکردنی کەسێک، کە سزاکەى بەندکردنە.