مالیکی: دەستمان درێژە بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی و هەرێمی
رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی رایگەیاند، بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە گەل و نیشتمان، وایان لێ دەکات کار بکەن و ئەزموونیان بخەنە گەڕ بۆ راستکردنەوە و بەهێزکردنی رێڕۆی پڕۆسەی سیاسی و دەستیان درێژکردووە بۆ هاوکاریی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
ئەو گوتانەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە نووسینێکدا بوو کە یەکشەممە 22ی شوباتی 2026 لە تۆڕى ئێکس بڵاویکردەوە.
نووری مالیکی رایگەیاند، بەرپرسیارێتیی نیشتمانییان بەرامبەر بە گەل و نیشتمان، وایان لێ دەکات کار بکەن و ئەزموونیان بخەنە گەڕ بۆ راستکردنەوە و بەهێزکردنی رێڕۆی پڕۆسەی سیاسی.
مالیکی دەڵێت: "بڕوامان بە عێراقێکی دیموکراسیی و کراوە هەیە بە رووی هاوبەشیی نێودەوڵەتی وەک ئەمریکا و ئەورووپا، ئەنجامەکەی پەیوەندیی ئابووری دەبێت لەگەڵیاندا، بۆ هێنانەکایەی شۆڕشێک بۆ فراوانکردن و قووڵکردنەوەی ژێرخان و خوێندن و پەرەپێدانی خزمەتگوزاریی و وزە".
نووری مالیکی تاوەکو ئێستا بەربژێری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران؛ ئەو نووسینەی لە سەروبەندی گفتوگۆکاندایە لەبارەی رەتکردنەوەی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند: ناسنامەی عێراقییانەیان پشتی بەستووە بە ئیرادەی گەلی عێراق و بڕیاریشیان سەرچاوەی گرتووە لە پەیوەندییان بە گەلەوە بە پلەی یەکەم و دەستیان واڵایە بۆ هاوکاریی هەرێمی و نێودەوڵەتی.